چەندین ڕێگا بەهۆی بەفربارینەوە داخران

بارینى بەفر لە کوردستان بە تایبەتى لە هەرێمى سەرحەد کاریگەرییەکى زۆر لەسەر هاتووچۆی هاووڵاتییان دروستکردووە. بەهۆی بارینى بەفرەوە سەدان ڕێگا داخراوە.

ئاژانسی هەواڵی فیرات نیوز بڵاویکردووەتەوە "بەفر و تەرزە لە زۆرێک لە شارەکانى کوردستان دەبارێ و زۆری بارینى بەفر و تەرزە جوڵەى هاووڵاتییانى پەکخستووە. ماوەى ٢ رۆژە بە بەردەوامى لە زۆربەى ناوچەکانى باکووری کوردستان بەفر و تەرزە دەبارێت. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەى رێگاى سەدان دێ و لادێ بگیرێت و بەهۆی خزانى ئۆتۆمبێلیشەوە چەندین کەس بریندار بوون"
ڕوونیشی کردووەتەوە "
بەفرێکی زۆر لە شارەکانى وان، جۆلەمێرگ، موش، بەدلیس، قەرس، ئەردەخان و ئاگری و چەندین شار و شارۆچکەى تری باکووری کوردستان باریوە. لە گوندەکانى ئەو سنوورانەدا مەترێک بەفر زەویى داپۆشیوە. رێگاى سەدان دێ و لادێ گیراون. لەبەر ئەوەش هاووڵاتییانى ئەو سنوورانە بە تایبەتى هاووڵاتییانى دێ و لادێکان لە گوندەکانیاندا گیریان خواردوە و ناتوانن جموجوڵی ئاسایى و رۆژانەیان ئەنجام بدەن و تەنانەت ناتوانن نەخۆشەکانیش بۆ نەخۆشخانە بگوێزنەوە".

هەر بە گوێرەی هەواڵی ئەو میدیایە "
بەهۆی بەفر و سەهۆڵبەندانەوە لە رێگای نێوان وان – ئەردیش دا رووداوى هاتووچۆش ڕوویداوە و . بەهۆی رووداوەکانى هاتووچۆەوە ١٦ کەس بریندار بوون. شایەتحاڵەکانى ئەو روودانەوە رایانگەیاندووە، لەو رووداوانەى هاتووچۆدا ٦ ئۆتۆمبێل وەرگەڕاون.

 ماوەى ٢ رۆژە بە بەردەوامى بەفر دەبارێت و هەموو رێگاکان بە بەفر داپۆشراون، بەڵام تیمەکانی شارەوانی و رێگاوبان هیچ یەک لە رێگاکانیان پاک نەکردووەتەوە و خوێ بە رێگاکاندا ناکەن.



PM:02:32:25/12/2018