شەپۆلێکی بەفر و سەرما هەرێم دەگرێتەوە

ئێوارەی ئەمرۆ شەپۆلێكی باران بارن روو لەناوچەكانی گەرمیان دەكات و سبەینێش سەرمای توند ناوچەكە و هەرێم دەگرێتەوە.

هۆبەی كەشناسی زانكۆی گەرمیان لەراگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، لەئێستادا شەپۆلێکی بارانبارین لە دەریای ناوەڕاستەوە ڕووی لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ناسەقامگیری تێیدا زیاتر دەبێت و دەبێتە هۆی بارانبارین لە ناوچەكانی گەرمیان. 

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئێوارەی ئەمڕۆو كاتەكانی نیوەشەو چالاكی سیستمەكە بەهێز دەبێ و بارانبارین بەشێوەیەكی باش لە ناوچەكانی گەرمیان دەبارێت. 

باس لەوەشكراوە، ئەم سیستمە زیاتر ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم دەگرێتەوەو دەبێتە هۆی بەفربارینیش لە ناوچە شاخاویەكانی هەرێم. 

هۆبەی كەشناسی زانكۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ ڕۆژی هەینی بەهۆی چالاكبوونی بەرزە پەستانی توركیا سەرمای توند ناوچەكانی گەرمیان و هەرێم دەگرێتەوەو پلەكانی گەرمی لە هەموو ناوچەكانی كوردستان بەڕێژەی بەرچاو دادەبەزن.

ئەمەش لە كاتێكدایە، بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رەوشی كەشوهەوا و پلەكانی گەرمای سبەینێ هەینی پارێزگاكانی هەرێمی راگەیاندووە، بەپێی پێشبینییەكان " سبەینێ لە هەندێك لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك ئەگەری بەفر بارین هەیە".



PM:02:22:27/12/2018