پارێزگاری سلێمانی پرۆژەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئاوی شارەکە ڕادەگەیەنێت

پارێزگاری سلێمانی ئاشکرای دەکات پلانی دروستكردنی پڕۆژەیەكمان لەبەردەستە كە چارەسەری سەرجەم ئاوی سلێمانی و چەند شوێنێکی دەوروبەری دەكات و لە هەوڵی جێبەجێكردنی داین.

هەڤاڵ ئەبووبەكر، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند "لە کاتی سەردانی دكتۆر جەمال عادلی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق بۆ سلێمانی، پرۆژەی بەنداوی (خێوەت)مان پێشكەش كردووە و بە شێوەی زارەكی بەڵێنییان داوە كە هەماهەنگ بین بۆ ئەوەی بیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە و ئەگەریش ئەوان نەیانكرد، ئەوا دەیدەینە كەرتی تایبەت و پرۆژەی بەنداوی خێوەت لە سلێمانی كە سەرجەم نەخشە و پلانی ئامادەیە و تەنیا پێویستیان بە پارەیە بۆ جێبەجێكردنی، ئەو پرۆژە چارەسەری لە 100% ئاوی شاری "سلێمانی، ناحیەی شۆرش، قەزای چەمچەماڵ و شارەدێیەکانی بازیان و تەكیە" دەكات و دەبێتە گەورەترین ناوچەی گەشتیاری".

پارێزگاری سلێمانی وتیشی "وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی داوە بە پارێزگا بۆ ئەوەی بەپێی پێداویستییە ناوخۆییەكان، كۆنترۆڵی سنوورەکان بكەین، هەروەک چۆن لە ڕابردوودا بۆ زۆر بەربومی كشتوكاڵی كردوومانە و ئێستا بۆ مریشك و بەربوومەكانی مریشك ئەو کۆنترۆڵە دەكەین، دیراسەی پێدوایستی ناوەخۆیی دەكەین بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان وە كۆنترۆڵكردنی بڕ و جۆری ئەو پێداویستییانەی كە بۆ بازارەكانی سلێمانی و كوردستان دەهێنرێن".

هەڤاڵ ئەبووبەکر ڕاشیگەیاند "پێویستە بەنداوی یارمەتیدەر دروست بكەین بۆ بەنداوەكانی دەربەندیخان و دووكان بۆ كەمكردنەوەی فشار لەسەر ئەو بەنداوانە و ئەمساڵ 5 هێندەی ساڵی ڕابردوو باران باریوە و بەپێی ئەو زانیارییانەی هەیانە لە چەند ساڵی داهاتوودا رێژەی بارانبارین زیاتر دەبێت".



PM:03:57:29/12/2018