بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاماری رووداو و تاوانەکانی ساڵی ٢٠١٨ی لە پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ رێژەی هەندێک لە تاوانەکان کەمیکردووە.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٧دا ٦٧ حاڵەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە کە ٥٨ حاڵەتی ئەو تاوانانە ئاشکراکراوە بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٦٢ حاڵەتی تاوانی کوشتن هەبووە و لەو ژمارەیەش ٥٩ حاڵەتیان ئاشکراکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ ئاماری خۆکۆشتن بۆ ئەمساڵ لە پارێزگای سلێمانی زیادیکردووە، بەشێوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٧دا، ٥٥ حالەتی خۆکوشتن هەبووە بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨دا ٦٣ حالەتی خۆکوشتن هەبووە، هەروەک لەماوەی ئەمساڵدا ٢٨١ حاڵەتی هەوڵی کوشتن تۆمارکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی ٢٠١٧دا هەزار و ٧٥٦ حاڵەتی شەڕ و لێدانی بە ئەنقەست لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە بەڵام ئەو تاوانە بۆ ئەمساڵ هەزار و ٦٧٧ حالەت بووە.
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، تاوانی ساختەکردنی مۆر و هێما لە ساڵی ٢٠١٧، ٣٠ حاڵەت بووە بەڵام بۆ ئەمساڵ ٢٢ حاڵەت، هەروەک ساختەکردنی پارە و دراو لە ساڵی ٢٠١٧، حەوت حاڵەت و لە ساڵی ٢٠١٨ بووە بە ١٠ حاڵەت.
ئاشکراشیکرد، حاڵەتی دەرمانسازی لە پارێزگای سلێمانی بۆ ساڵی ٢٠١٧، ١٧ حاڵەت و بۆ ئەمساڵ رێژەکە کەمیکردووە و بووە بە چوار حاڵەت.
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد کە لە ساڵی ٢٠١٧، شەش هەزار و ٢٢٧ تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکراون و نێردراونەتە بنکەی پۆلیس و گواستنەوە، بەڵام لەمساڵدا رێژەکە بەرزبووەتەوە بۆ هەشت هەزار و ٢٠٠ تۆمەتبار، ئەمە جگە لەوەی هەندێک کەس بانگهێشتی بنکەکانی پۆلیس کراون و هەر لەوێ بە سپاردە ئازاد کراون و لەم ئامارەدا نین.