پەرلەمانتارێکی پێشووی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رەتیکردەوە خانەنشین بکرێت و دەگەڕێتەوە سەرکارەکەی پێشووی.
فرسەت سۆفی، پەرلەمانتارێکی پێشووی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی ڕووداوی وتوە "هەروەک لە سەرەتای بوونم بە پەرلەمانتار رامگەیاند کە دوای تەواوبوون لە کاری پەرلەمانی، خانەنشین نابم و دەگەڕێمەوە سەر کاری پێشووم، ئەمڕۆ نووسراوی گەڕانەوەم بۆ زانکۆ کرد و دەگەڕێمەوە سەرکاری پێشووی خۆم".
لە نوسراوێکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان کە بۆ سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نێردراوە هاتووە "بەپێی حوکمی ماددە 23 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، بەڕێز فرسەت سۆفی عەلی، ئەندامی خولی چوارەم لە 6-11-2013 تاوەکو 5-11-2018، داوا دەکات بگەڕێتەوە سەر پیشەی پێشووی کە مامۆستا بووە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، هەر لەبەر ئەم مەبەستە ناوبراو مامەڵەی خانەنشین بوونی ئەنجام نەداوە، بفەرموون بە ئەنجامدانی کاری پێویست لەوبارەیەوە".