پۆلیسی ڕاپەڕین رایگەیاند، لە ناحیەی حاجیاوای سەر بە قەزای رانییە ژنێک بەهۆی گڕگرتنی سۆپاوە سووتا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٥ی کانونی دووەم، لە گەڕەکی دبان لە ناحیەی حاجیاوای سەربە قەزای ڕانیە، ژنێك بەهۆی گڕگرتنی سۆپاوە سووتاوە.
ئەوەشهاتووە، ژنەكە ناوی "پ. ن"ەو تەمەنی 36 ساڵە كاتی ویستوویەتی نەوت بكاتە سۆپاكەوە بە داگیرساوی، گڕی گرتووە و بەهۆیەوە 52%ی جەستەی سووتاوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی راپەڕیندا ئەوەشهاتووە، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە ژنەكە رەوانەی نەخۆشخانەی هەولێر كراوە.
لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا ئەمە دووەمین حاڵەتی سوتانە لە ناحیەی حاجیاوا، دوێنێش ژنێك بەهۆی گڕگرتنی دەبەی نەوتەوە، سەدا 60ی جەستەی سووتا.