بەپێی نوێترین رێنمایی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پاڕیزگای سلێمانی، لەمەوبەدوا ئەو كەسانەی بە سیستمی كۆن مۆڵەتی شۆفێریان دەرهێناوە، لەکاتی تازەکردنەوەیدا دەبێت دوو وانەی هاتوچۆیی بخوێنن.
کاروان سدیق، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای سلێمانیو لێپرسراوی هۆبەی مۆڵەتی شۆفێری لەگەڵ نوسینگەكانی فێركردنی شۆفێریدا كۆبوەوە، تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگ لەسەر دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری كرا، لەوانە خوێندنی وانەی هاتوچۆیی لەكاتی نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێریدا.
وتیشی، یەكێك لەو پێشنیارانەی لە كۆبونەوەكەدا خرایەڕوو لەلایەن نوسینگەكانی مۆڵەتی شۆفێریەوە ئەوە بوو كە ئەو كەسانەی بەسیستمی كۆن مۆڵەتی شۆفێریان دەرهێناوە واتە لە پێش ساڵی 2005ەوە پێویستە كاتێك سەردانی هاتوچۆی سلێمانی دەكەن بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتەكانیان دوو وانەی هاتووچۆیی بخوێنن لە ناو بارەگای بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆدا.
وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، وانەکان لەلایەن مامۆستایانی نوسینگەكانی شۆفێرییەوە دەوترێنەوە دوای خوێندنی ئەو دوو وانەیە مۆڵەتەكانیان نوێدەكرێنەوەو، خوێندنی ئەو دوو وانەیەش بەبێ بەرامبەرە، کە مەبەست لێی ئاشناكردنی شۆفێرانە بەسیستمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری، هەروەها لە هەفتەی داهاتوشەوە بڕیارەکە دەكەوێتە بورای جێبەجێكردنەوە.