شەپۆلێكی بەفر بارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی كوردستان سەرجەم ھاووڵاتییان ئاگادار دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلێكی بەفربارین ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و پلەی گەرماش بۆ ژێر سفری سەدی دادەبەزێت.

فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند "ناسەقامگیریی كەشوھەوا لەمڕۆ یەكشەممەوە 13/1/2019 ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، پێشبینی دەكرێت تا ڕۆژی ھەینی 18/1/2019 بەردەوامی ھەبێت".

باسی لەوەش كرد، كە ئەو ناسەقامگیرییە بە چەند قۆناغێك تێدەپەڕێت، سەرەتا بارانبارین بەشێوەی پچڕ پچڕ دەست پێ دەكات، بارانبارینەكەش سەرەتا لە سنووری سلێمانی دەبێت و لەكاتەكانی دوای نیوەڕۆ دەست پێ دەكات، پێشبینی دەكرێت پارێزگای ھەولێریش بگرێتەوە.

لەبارەی كەشوھەوای سبەی دووشەممە 14/1/2019، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی كوردستان دەڵێت "بۆ سبەی دووشەممە ئەگەری ھەیە لە سەرجەم ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان باران ببارێت، پێشبینی دەكرێت بەفربارینیش لە سەرجەم ناوچە شاخاوییەكان ھەبێت، ڕێژەی بارانبارین لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر دەبێت، پلەی گەرماش بە بەراورد لەگەڵ 3 ڕۆژی ڕابردوو زیاتر دەبێت، ھەروەھا بەھۆی ئەو ناسەقامگیرییەی كەشوھەوا، سبەی ئەگەری خۆڵبارین لە ناوچەكانی ناوەڕاستی عێراق ھەیە، ئەگەریشی ھەیە چەند ناوچەیەكی ھەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە".

فازڵ ئیبراھیم ئاماژەی بەوەش كرد، كە ئەو ناسەقامگیرییەی كەشوھەوا بەردەوامی دەبێت، بەڵام لە ڕۆژی چوارشەممەوە پێشبینی ھاتنی بارستە ھەوایەكی سارد دەكرێت، كە بارستە ھەوایەكی جەمسەرییە، ئەمەش وادەكات شێوازی دابارینەكە بگۆڕێت و بەفربارین زیاتر دەبێت، بە تایبەت ڕۆژی پێنجشەممە 17/1/2019.

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی كوردستان ھاووڵاتییان ئاگادار دەكاتەوە "بەگوێرەی ئەو نەخشانەی تا ئێستا لەبەردەست دان، ئەگەر ھیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەیەت، ڕۆژی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە 16/1/2019، ئەگەری بەفربارین لە سەنتەری پارێزگاكان ھەیە بە پارێزگای كەركووكیشەوە، ھەروەھا جارێكی دیكە پلەی گەرما لە سەنتەری پارێزگاكان بۆ ژێر پلەی سفری سەدی دادەبەزێت، ئەگەریشی ھەیە لە بەشێكی ناوچە شاخاوییەكان بۆ 10 پلەی ژێر سفری سەدی دابەزێت، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لە حاجی ئۆمەران 11 پلەی ژێر سفری سەدی تۆمار كرا.




AM:11:52:13/01/2019