کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد دەکات

وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە رێژەی 300 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەبێت‌ بەمەش کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی زیاد دەکات. 

حەمەئەمین هەورامانی، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان رایگەیاند، کەنزیكەی 300مێگاوات  بەرهمهێنانی كارەبا لە وێستگەی خورمەڵە زیاد دەبێت ‌ بەمەش بەرهەمهێنانی كارەبا  لەو وێستگەیە بۆ زیاتر لە 900مێگاوات بەرز دەبێتەوە".

وتەبێژی وەزارەتی كارەبا ئەوەشێ خستەڕوو، لە ئێستا بەرهەمهێنانی نزیكەی سێ هەزار مێگاواتە لە كۆتایی ئەم مانگەش بۆ سێ هەزار‌ و 300مێگاوات زیاد دەبێت و ئەمەش کاریگەری دەبێت لە زیادبونی کارەبای نیشتیمانی.

لایخۆشییەوە ئومێد محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆنتڕۆڵ و گه‌یاندنی كاره‌بای هه‌رێم، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، له‌ بەرنامەیاندایە  لەم مانگەدا بڕی كاره‌بای نیشتمانی زیاد بكەن، بۆ ئەوەش، چاوه‌ڕێی دەکەن به‌رهه‌می غاز زیاد بكرێت.




PM:12:53:14/01/2019