عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی شاندی دانوستانكاری یەكێتی ڕایگەیاند، دواخستنی كۆبونەوەكەی پارتی و یەكێتی پەیامێكی ناڕەزایەتی بووە لەبەرامبەر لێدوانەكانی چەند بەرپرسێكی پارتی.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی دواخرا و "سپی " وەك یەكەم دزگای میدیایی هۆكاری دواخستنەكەی ئاشكراكرد، كە بەهۆی نارشازایەتی ئەو حزبەوە بووە لە لێدوانی بەشێك لە بەرپرسانی پارتی لە دژی یەكێتی.
ئەمڕۆ و دوای سێ ڕۆژ تێپەڕبوون بەسەر ئەو هەواڵە عەدنانی حەمەی مینا بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، بە پارتییان وتووە كە لێدوانەكەی فازڵ میرانی و وروژاندنی بابەتەكانی دیكە لە ڕاگەیاندنەكانەوە، هۆكاری دواخستنی كۆبوونەوەی پێكهێنانی حكومەتە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو لێدوانانە كە ناوی چەند بەرپرسێكی یەكێتی تێدا زڕێندراوە، بۆئەوەیە یەكێتی وەڵام بداتەوە و جۆرێكە لەشەڕی دەرونی بەرامبەر یەكێتی، وتیشی "بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی یەكێتی كراوە كە لە ڕاگەیاندنەكانەوە كراوە و بۆیان ڕونكردونەتەوە كە مەبەستیان بەو جۆرە نەبووە".
عەدنانی حەمەی مینا وتووشیەتی، یەكێتی بڕیارینەداوە بۆ كۆتاییهێنان بە گفتوگۆكان و هەموو كێشە و گرفتەكان تانها بە گفتوگۆ چارەسەردەبن و ئەگەر هەیە هەفتەی داهاتوو كۆببنەوە.
بڕیاربوو ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو، پارتی و یەكێتی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە هەولێر كۆببنەوە، بەڵام دواتر بەرپرسانی پارتی ڕایانگەیاند، لەسەر داوای یەكێتی كۆبوونەوەكە دواخراوە.
هە بەپێی ئەو سەرچاوەیەی هەمان رۆژ بە "سپی" ڕاگەیاند "كۆبوونەوەی بڕیار لێدراوی پارتی و یەكێتی كە بڕیاربوو ئەمڕۆ لە شاری هەولێر لە ئاستی باڵادا ئەنجام بدرێت شكستیهێناوە و ئەنجام نادێت".
سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد دواخستنی كۆبوونەوەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاندنەی كە چەند ڕۆژێكە لەلایەن پارتیەوە دژی یەكێتی دەستیپێكردووە "وتەكانی فازڵ میرانی بەرامبەر قوباد تاڵەبانی و فازڵ بەشارەتی كە لەبارەی پۆستەكانی حكومەتەوە كردبووی، هەروەها ئەو هەڵمەتی ڕاگەیاندنەی لە میدیاكانی پارتیەوە چەند ڕۆژێكە دژی حاكم قادر حەمەجان ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەنجام دەدرێت هۆكاری سەرەكی هەڵوەشانەوەی ئەو كۆبوونەوەیەن".