وەزارەتی ناوخۆ بە واژووی کەریم شەنگالی کاری شۆفێری تەکسی لە کارمەندانی وەزارەتەکەی و دەزگا پەیوەندیدارەکان قەدەغەکرد.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆ كە واژۆی كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆی لەسەرەو رۆژی ٣١/١/٢٠١٩ دەرچووە، كاری شۆفێری تەكسی لە کارمەندانی وەزارەتەکە و پەیوەندییەکانی دەرەوە قەدەغەکرد.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی زیاتر دەدات لەسەر ئەو کارمەندانەی ئەو بڕیارە دەیان گرێتەوەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کاری شۆفیری بۆ گشت ئەفسەر و کارمەندانی میلاکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، بەرگری و فریاكەوتن، رەگەزنامە، هاتووچۆ، پاسەوانی سنوور و پۆلیسی گومرگ) و كارمەندانی میلاكی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و گشت هێزە چەكدارەكان لەسەر میلاكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق قەدەغەکرد.
بەپێی نوسراوەکە كارمەندانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش كاری شۆفێری تەكسیان لێ قەدەغە كراوە.
هەر بەپێی نوسراوەکە، فەرمانبەرانی میلاكی شارستانی ئەوانەی پلەی وەزیفیان لە پلە 7بەروو خوارە دەتوانن كاری شۆفێری تاكسی بکەن، بەمەرجێک رەزامەندی فەرمانگەكەیان هەبێت و پێویستە ساڵانە ئەو رەزامەندییە نوێبکرێتەوە.