وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وادەی كۆتاییهێنان سیستەمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ئاشكراكرد و دەڵێت " ئاسۆ گەشە".
بەیانی ئەمڕۆ لە میانی كردنەوەی قوتابخانەیەكی شاری هەولێر پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان "ئاسۆ گەشە، دۆخی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەو باشی دەڕوات".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە هەر كاتێك بودجەی عێراق بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئەو بڕە پارەیەی دیاری كراوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت، ئەو كاتە پاشەكەوتی مووچەش نامێنێت.
هەفتەی رابردوو بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق یاسای بودجەی عێراقی پەسەندكرد و بەگوێرەی یاساكەش مانگانە حكوومەتی عێراق بەبێ ڕادەستكردنی نەوت، بڕی 522 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات.