چەند بڕیارێک بۆ مزگەوت و پرسەخانەكان دەرچوو

دوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی پارێزگای سلێمانی، لەسەر وەرگرتنی مۆڵەت بۆ دروستكردنی مزگەوت و كردنەوەی پرسەخانەكان و پەسەندكردنی نەخشەكانیان، روونكردنەوە دەدەن.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی پارێزگای‌ سلێمانی،لەكۆبونەوەیەكیاندا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف و كاروباری‌ ئاینی‌ سلێمانی‌، جەختیانكردۆتەوە لەسەر پێویستیی‌ پابەندكردنی‌ سەرجەم مزگەوتەكان بە تایبەتمەندییەكانەوە، بەمەبەستی‌ گونجاندنی‌ بینای‌ مزگەوت و پرسەخانەكان بۆ بەكارهێنانیان لەلایەن هاوڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەتەوە.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، هەردوولا ڕێككەوتوون لەسەرئەوەی بۆ وەرگرتنی‌ مۆڵەتی‌ كردنەوەی‌ مزگەوت‌ و پەسەندكردنی‌ نەخشەكانیان لەكاتی‌ دروستكردنی‌ مزگەوتی‌ نوێ و پرسەخانەو فراوانكردن‌ و نوێكردنەوەدا، بۆچوون و ڕەزامەندی‌ بەشی‌ ئەندازیاریی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری ‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ سلێمانی‌ وەربگیرێت، بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ ئەوقاف و كاروباری‌ ئاینیش هەوڵی‌ خۆی‌ بخاتە گەڕ بۆ گونجاندنی‌ بینای‌ ئێستای مزگەوتەكان و پرسەخانەكان لە ڕێگەی‌ گشتاندن و هاندانی‌ خێرخوازانەوە.



PM:04:59:03/03/2019