زانیاری نوێ لەسەر کەیسی سوتانی سێوان قادرو مناڵەکانی ئاشکرا دەبێت

قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ رایدەگەیەنێت، كەیسی سووتانی سێوان و مناڵەکانی لە چەمچەماڵەوە گواستراوەتەوە بۆ دادگای یەكی سلێمانی.

رەمك رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ لەبارەی پێشهاتەكانی ئەو كەیسە رایگەیاند : بنەماڵەی سێوان داوایانكرد كەیسەكە لە دادگای چەمچەماڵەوە بگوازرێتەوە بۆ یەكێك لە دادگاكانی سلێمانی، دوای ئەوەش ئەنجومەنی دادوەری بە تایبەت دادگای تەمییز، رەزامەندیان دەربڕی و بە نوسراوی فەرمی كەیسەكە لە هەفتەی رابردوەوە گواستراوەتەوە بۆ دادگای یەكی سلێمانی و بۆ ئەو مەبەستە سەرجەم پەڕاوەكانی دۆسیەكە رەوانە كراون و بنكەی پۆلیسی ئەزمڕ لەو روەوە لێكۆڵینەوەی دەستپێكردوە".

ئەوەشی ئاشكرا كرد، لەسەر داوای كۆمەڵێك رێكخراو و بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە وەزارەتی ناوخۆ داوا لە وەزیری ناوخۆ كرا لیژنەیەكی تایبەت پێكبێت، كە بەڕێوەبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانیی سلێمانی و ئەفسەری لێكۆڵینەوە لە بنكەی پۆلیسی چەمچەماڵ و ئەفسەری نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی چەمچەماڵ تێیدا لێكۆڵینەوە دەكەن".

قایمقامی چەمچەماڵ زانیاری زیاتری بۆرادیۆی نەوا ئاشكرا كردوە و رایگەیاند ، ئەوەی تا ئێستا لەسەر كەیسەكە دەستبەسەرە، هاوسەری سێوان و ئافرەتەكەی دراوسێیانە، كە دایكی سێوان لەسەر ئەو ژنە سكاڵای هەبوو.

جێگەی ئاماژەیە، شەوی 16-12-2018، لە روداوێكی ئاگركەوتنەوەدا سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا و دوای هەفتەیەك مانەوەش لە نەخۆشخانە، دایكی ئەو منداڵانە بە ناوی سێوان قادر بەهۆی سەختی سوتانەكەیەوە لە نەخۆشخانەی ئیمێرجینسی سلێمانی گیانی لەدەستدا.



PM:07:59:16/03/2019