بەغدا لێكۆڵینەوە لەدۆسیەی گیان لەدەستدانی سەرۆكی دەستەی دەستپاكی دەكات

سەرچاوەیەكی سەربازی عیراق ئاشكرایكرد حكومەتی عێراق لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی رەوانەی پارێزگای دهۆك كردووە بۆ لێكۆڵینەوە لە روداوی گیان لەدەستدانی عیززەت تۆفیق سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لەروداوێكی هاتوچۆدا".

موقەدەم عەلی نوری، كە ئامۆزای سەرۆكی  كۆچكردووی  دەستەی دەستپاكییە، لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی "عیززەت تۆفیق سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لەپارێزگای دهۆك نیشتەجێبووە و بۆ بەسەربردنی پشووەكانی جەژنی نەورۆز گەڕاوەتەوە بۆ دهۆك، بەڵام لەكاتی گەڕانەوەیدا دوچاری روداوێكی هاتوچۆ بووە و گیانی لەدەستداوە". 

موقەدەم عەلی نوری ئەوەشی ئاشكراكردووە"تائێستا بەووردی هۆكاری روداوی هاتۆچۆكە نەزانراوە و ئێستاش هیچ بەڵگەیەك لەبەردەست نییە بۆ گومانكردن لەچۆنێتی رودانەكەی، بەڵام بەغدا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە بۆ ئاشكراكردنی راستییەكانی روداوەكە وەك خۆی.

وتیشی" لیژنەكە لەچەند ئەندامێكی دەستەی دەستپاكی و راوێژكارێكی وەزارەتی ناوخۆ پێكهاتووە و لیكۆڵینەوەكانیان لەو روداوە دەستپێكردووە.

پێشتریش پۆلیسی پارێزگای دهۆك دەستگیركردنی كەسێكی بە رەگەز عەرەبی راگەیاندبوو كە گومانی ئەوەی لێكردووە پەیوەندی بەروداوی هاتوچۆكەوە هەبووبێ كە بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی سەرۆكی دەستەی دەستپاكی.



PM:03:00:18/03/2019