یەکێتی‌و پارتی گۆڕانکاری لە لیژنەی دانوستانەکانیان دەکەن
گفتوگۆ بە هەڵۆکان دەکەن


هەریەکە لە یەکێتی و پارتی وەفدی دانوستانکاریان دەگۆڕن و گفتوگۆ بەو بەرپرسانەیان دەکەن کە توند ئاژۆن و بە هەڵۆ ناسراون بەرامبەر یەکتری.

هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی بۆ گفتوگۆکانی نێوانیان کە بڕیارە سبەی سێ شەممە دانیشتنێکی دیکە لە سلێمانی سازبکەن، وەفدی دانوستانکارەکانیان گۆڕیووە، بەشێک لەو ئەندامانەی دەستنیشانیان کردوون، کەسانی توند ئاژۆن، ئەمەش مەترسی لەسەر دانوساتنەکان دروستکردووە کە هەردوولا نەگەنە ئەنجام و کاتی زیاتر بەفیڕۆ بدەن.

وەفدی یەکێتی بە سەرۆکایەتی عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی دەبێت، بەڵام لەناو وەفدەکەدا کە پێکهاتوون لە رەفعەت عەبدوڵا، عەدنان حەمەی مینا و لاهور شێخ جەنگی و شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و بافڵ تاڵەبانی، چەند هەڵۆ لەنێو وەفدەکەدا دەبینرێت‌و پێشتر هەڵوێستیان توندبووە بەرامبەر پارتی.

هەروەها وەفدی پارتیش کە ئەوانیش بە هەمان شێوە گۆڕانکاریان تێدا کردووەو ژمارەیەک هەڵۆیان خستۆتە نێو لیژنەکەوە، وەک میدیاکانی پارتی ئاماژەی بۆ دەکەن پێکدێن لە سەرۆکی وەفد کەمال کەرکووکی، کاکەمین نەجار، دڵشاد شەهاب، عەلی عەونی، عەلی حوسێن، هێمن هەورامی و فرسەت سۆفی، کە ئەمانیش هەر لەسەرۆک وەفدەوەو ئەندامەکانی چەندان هەڵۆی توندئاژۆیان گرتۆتە خۆی کە هاوشێوەی وەفدەکەی یەکێتی ژمارەیەکیان توندڕەون بەرامبەر یەکێتی و لێدوانەکانی پێشوویان لە میدیاکان لەچەند ساڵی رابردوودا ئاماژە بۆ توند ئاژۆییان دەکات.

سبەی ١٧٠ رۆژ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕدەبێت تا ئێستا یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان رێکنەکەوتوون لەسەر ئیدارەدانی هەرێم و هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا.



PM:09:39:18/03/2019