بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرایكرد، تۆمەتبارێك دەستگیر كرا كە ویستبووی لە ناو بانكێكی سلێمانی گیرفانی ھاووڵاتییان ببڕێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئازاری 2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاویكردەوە "ئەمڕۆ چوارشەممە 27/3/2019، ھێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی تۆمەتبارێكی بە ڕەگەز ئێرانییان دەستگیر كرد، كە ویستبووی لەناو بانكی ڕەشید لە شاری سلێمانی گیرفانی ھاووڵاتییان ببڕێت".
پۆلیس ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "دوێنێ سێشەممە تۆمەتبارێك بە مەبەستی بڕینی گیرفانی ھاووڵاتییان سەردانی بانكی ڕەشیدی كردووە، دوای ئەوەی بڕی 50 ھەزار دیناری عێراقی لەسەر مێزی یەكێك لە كارمەندەكانی بانكەكە دەبینێت، دەیبات و ھەڵدێت".
پۆلیسی سلێمانی ڕوونیشی كردووەتەوە "ھێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕووداوەكە ئاگادار كرانەوە و بەدواداچوونەكان دەستیان پێ كرد و دوای لێدانەوەی كامێرای چاودێری، تۆمەتبارەكە ناسرایەوە، ئەمڕۆ و بەھەمان مەبەست تۆمەتبارەكە سەردانی بانكەكەی كردووەتەوە، لەوێ لەلایەن ھێزەكانی پۆلیسەوە تۆمەتبارەكە ناسراوەتەوە و دەستگیر كراوە".
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو "تۆمەتبارەكە (ڕ، ب، ر) بە ڕەگەز ئێرانی، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە".