چنار سەعد: كاتی بەستنی كۆنگرە خەریكە نزیك دەبێتەوە

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی رایدەگەیەنێت دەنگۆیەكی گەرموگوڕ هەیە بەوەی كە ئیدی كاتی بەستنی كۆنگرە خەریكە نزیك دەبێتەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە.

چنار سەعد عەبدوڵڵا، لەبارەی‌ بەستنی كۆنگرەی پارتی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ، رایگەیاندوە: لەڕاستییدا ماوەیەك بەسەر بەستنی كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان تێپەڕیوە، رەنگە ئەمە ویستی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەركردایەتیی پارتیش نەبووبێت، بەڵام بارودۆخێكی تایبەتی ئەوەی سەپاند كە ئەم دۆخە رووبدات، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و باری ئابوورییەوە بوو، هەموو جەختكردنەوە و تەركیزەكان لەسەر ئەو لایەنانە بوو و رەنگە زەمینە لەبارنەبووبێت بۆ بەستنی كۆنگرە.

دەشڵێت "دوای ئەوەی هەڵبژاردنمان كرد و قۆناغەكانمان تێپەڕاند و دۆخەكە باشتربوو، ئێستا دەنگۆیەكی گەرموگوڕ هەیە بەوەی كە ئیدی كاتی بەستنی كۆنگرە خەریكە نزیك دەبێتەوە، بەڵام سەبارەت بەوەی كە كەیە، ئیدی ئایا كۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو دەبێت؟ جارێ هێشتا دیار نییە و لە سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ هەواڵ یان دانیشتنێكی فەرمی بۆ ئەو مەبەستە نەمانبیستووە و نەكراوە.

ئاماژەی‌ بەوەشداوە كە چاوەڕوانیان هەیە كە تا كۆتایی ئەمساڵ دوای ئەوەی حكومەتی نوێ پێكدێت، دۆخەكە و دۆخی هەرێمی كوردستان كە لای ئێمە ئەولەوییەتە بكەوێتە سەر سكە و دۆخەكە لە رووی ئابووری و ژیانی خەڵكەوە ئاسایی تر ببێتەوە ئەوكات ئەو بابەتە بابەتێكی جیددیە و قسە و ئامادەكاریشی بۆ دەكرێت.

سەبارەت بەوەی ئایا لەسەر ئاستی باڵا هیچ باسێكی بەستنی كۆنگرە لەنێو پارتی كراوە یان نا، چنار سەعد عەبدوڵڵا راشیگەیاندوە"هێشتا لەسەركردایەتی پارتی باسی ئەم پرسە نەكراوە و تەنها لەسەر ئاستێكی سنووردار و لەنێو كادیران رەنگە قسە و باسی لێوەبكرێت".



PM:02:58:07/04/2019