گەنجێک دوای ٦ رۆژ لە ئاهەنگی هاوسەرگیری خۆی کوشت

گەنجێکی ئێزدیی دانیشتووی کەمپی شاریای سنووری پارێزگای دهۆک، دوای شەش ڕۆژ لە سازکردنی زەماوەند، بە گولەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

خالد، ناوی ئەو کوڕەیە، کە دوای هاوسەرگیری لەگەڵ کچێک بە ناوی (خ) و پاش شەش ڕۆژ لە زەماندەکەیان، خۆی کوشت، ئەمەو بێ ئەوەی تا ئێستا کەس هۆکاری خۆکوشتنەکەی بزانێت.

سلێمان ئیسماعیل، باوکی (خالید)ی زاوا، دەبارەی هاوسەرگیرییەکە بە ماڵپەڕی (باس)ی ڕاگەیاندووە "هاوسەرەکەم پێی وتم، کە خالید دەیەوێ ژن بهێنێت و بۆ خۆی کچێکی دۆزیوەتەوە، منیش بەم هەواڵە زۆر دڵخۆش بووم و پێم گوت خوازبێنیت بۆ دەکەم. دیار بوو کوڕەکە و کچەکە دڵخوازی یەکتری و بەیەکەوە دڵخۆش بوون. بۆیە کوڕەکەم گوتی زەماوەندێکی خۆشیشی بۆ ساز دەکەم. ئەو کاتەی چووینە خوازبێنیی کچەکە، گەلێک خزم و ناسیاوم لەگەڵ خۆم بردن، ئەوە بوو دوای دوو ڕۆژ لە خواستنەکە، کوڕەکەم گوتی زەماوەند دەکەین و منیش سەرەڕای     دژواریی بارودۆخی پەنابەریم، ڕازی بووم و زەماوەندێکی خۆشمان ساز کرد  

باوکی زاوا دەڵێ: "کوڕەکەم پێش و دوای ئەوەیش کە بووە زاوا، هیچ کێشەیەکی نە لەگەڵ ماڵەوە، نە لەگەڵ هاوڕێ و ئاشناکانی خۆی نەبوو، ئیتر دوای زەماوەندەکە، ئێمە چووینەوە کەمپ و ژێر خیوەتەکان و بڕیارمان دا بەپێی دابونەریتی ئێزدیاتی، کە ئێمە پێی دەڵێین (ڕێگاکردنەوە) و ئەوە دابونەریتێکی کۆنی ئێمەیە، کچەکە ببەینەوە ماڵی باوکی، بۆیە هەموو پێویستییەکانی بووک و زاوامان بۆ چوونە ماڵی باوکی کچەکە بۆ ڕێگاکردنەوە، ئامادە کرد”.

سلێمان ئیسماعیل ئاماژە بەوەش دەکات: "ڕۆژێک پێش ئەوەی زاوا شەش شەوییەکەم خۆی بکوژێت، تا کاتژمیر ١٠ی شەو لای ئێمە بوو، بە قسەی خۆش و ئاسوودەییەوە شەوەکەمان بەڕێ کرد، بەیانیی ڕۆژی دواتر کە شەش ڕۆژ بوو بەسەر زەماوەندی کچ و کوڕەکە تێپەڕیبوو، بڕیارمان دا بووک ببەینەوە ماڵی باوکی، بەڵام بەداخەوە لەبری ئەوەی بچینە ماڵی باوکی بووکەکەمان، ڕوومان کردە چیای شنگال و تەرمی زاوامان لە چیاکەدا ناشت و جەرگی ئێمەش سووتا

بەگوێرەی قسەی کەسوکاری (خالید)، ئەو هەر لەناو خیوەتەکانی کەمپی شاریا و لەناو خیوەتەکەی خۆیان، بە گوللەیەک کە لە سەری خۆی دابوو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

 



PM:09:00:01/05/2019