وەزیری دارایی هەرێم روونکردنەوە لەسەر ئەم بڕە پارەیە دەدات

وەزیر دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمیان ئامادەکردووەو لەگەڵ تەواوبونی پێکهێنانی حکومەت پەسەند دەکرێت، رونیشیکردەوە، کە بڕی یەک ملیار دۆلار قەرزیان داوەتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەمڕۆ  ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەمیانی كۆبونەوەیەكیدا لەگەڵ شاندێكی وەزارەتی دارایی فەرەنسا رایگەیاندوە" ڕۆژە سەختەكانیان تێپەڕاندووە و بەردەوامن لە ڕیفۆرم لە گومرگ و دەروازەكان و باج، کە بەوهۆیەوە داهات بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادیکردووەو  بەردەوامیش دەبن لە چاكسازیكردن".

وتیشی، تا ئێستا نزیكەی یەك ملیار دۆلار قەرزیانداوەتەوە، کەپێکهاتوون لە نزیكەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرزی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری بەڵێندەرانی ناوخۆ و بیانی و، ٢٦٠ ملیۆن دۆلاری قەرزی بانكە ئەهلییەكان.

وەزیری دارایی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو،کە  پڕۆژە یاسای بودجەی حكومەتی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠١٩ ئامادەیە و چاوەڕوان دەکەن كابینەی نوێی حكومەت پێکبهێندرێت بۆ پەسەند کردنی، وتیشی کە خەرجی حكومەتیش لە ١٨ ترلیۆن دینارەوە بۆ ١٤ ترلیۆن دینار كەمكراوەتەوە.


PM:11:29:02/05/2019