یەکێتی لەسەر دوورخستنەوەى فەرمانبەرەکانى لە دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم هاتە دەنگ

ئەندامێکى سەرکردایەتى یەکێتى نیگەرانی خۆی لە گواستنەوەى فەرمانبەرانى یەکێتى لەسەرۆکایەتى هەرێم دەربڕی و رایگەیاند، ئەگەر سەرۆکی حکومەت ئێستا و سەرۆکی ئایندەی ھەرێم چاوێک بەو بڕیارەدا نەخشێنێتەوە، چاو لەو بڕیارە و بڕیاری تری لەو جۆرەش ناپۆشن.

ئارێز عەبدوڵا ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى لە پەیجى خۆى لە فەیسبووک نوسیویەتی،"لە هەلومەرجێكدا كە هەموومان چاوەڕوانی ئەنجام و لێكەوتە باشەكانی رێككەوتن و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمین، ئەمڕۆ لەپڕ هەواڵی گواستنەوەی نزیكەی هەموو فەرمانبەرە یەكێتیەكان و چەند پارتیەكی ناو دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ وەزارەتەكان بڵاوكرایەوە
 
 هەروەها دەشڵێت، ئەو فەرمانبەرانە دەمێكە لەوێ‌ كاردەكەن. ئەگەر گواستنەوەشیان پێویست بێت دەبوایە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی سەرۆك و كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بوان. 

بە وتەى ئارێز عەبدوڵا "چەند ئەندامێکی پارتیش لەناو ئەو لیستەدان، بەڵام ئایا ئەوانە بەئاگری یەکێتییەکانەوە سوتاون یان بۆ پاساوی پاکتاوکردن کراونەتە قوربانی؟"

دەقی نوسینەکەی ئارێز عەبدوڵا:
فەرمانبەرانی سەرۆكایەتی هەرێم !
لە هەلومەرجێكدا كە هەموومان چاوەڕوانی ئەنجام و لێكەوتە باشەكانی رێككەوتن و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمین، ئەمڕۆ لەپڕ هەواڵی گواستنەوەی نزیكەی هەموو فەرمانبەرە یەكێتیەكان و چەند پارتیەكی ناو دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ وەزارەتەكان بڵاوكرایەوە. ئەو هەواڵە لە ئەنجامی بڕیارێك بوو كە بە ئیمزای سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دەركراوە. بەراستی ئەو بڕیارە جێگای نیگەرانیە، چونكە: 

یەكەم: ئەو فەرمانبەرانە دەمێكە لەوێ‌ كاردەكەن. ئەگەر گواستنەوەشیان پێویست بێت دەبوایە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی سەرۆك و كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بوان.
دووەم: ئەو بڕیارە لە كاتێكدایە كە حكومەتێكی هاوپەیمانی پێك دەهێندرێ و خەڵكی چاوەڕوانی كەمكردنەوەی ناكۆكیەكان و بەیەكەوە كاركردنن، نەك پاكتاوكردنی دامەزراوەكان و تاپۆكردنیان لەسەر لایەنێكی دیاریكراو.
سێیەم: سەیركردنی كارمەندان و فەرمانبەرانی دەوڵەت بەچاوی حزبی و مامەلەی حزبایەتی كارێكی نەشیاوە، ئەبێ‌ هەموو لایەك بزانین كە دامەزراوەكانی دەوڵەت موڵكی هەموو خەڵكی كوردستانن و ناكرێ‌ لایەنێك یان چەند لایەنێك لە ئەلف تا ی خاوەندارێتیان بكەن.
چوارەم: لە هەرێمی كوردستان ئازادی بیر و باوەڕ و حزبایەتی ئازادە، ناكرێ‌ بەهۆكاری بیروبۆچونی جیاواز هاوڵاتیان بەگشتی و كارمەندانی حكومەت بەتایبەت لە مافەكانیان بێ‌ بەش  و جیاكاریان پێبكرێ‌.
پێنجەم: سزادانی بەكۆمەڵ كارێكی نا دەستوری و رێكارێكی نایاساییە و نابێ‌ ئەو جۆرە هەنگاوانە بندرێن.
شەشەم: راستە چەند ئەندامێكی پارتیش لەناو ئەو لیستەدان، بەڵام ئایا ئەوانە بەئاگری یەكێتیەكانەوە سوتاون یان بۆ پاساوی پاكتاوكردن كراونەتە قوربانی؟  
حەوتەم: سەرەڕای ئەوەش هەواڵێكی وا هەیە كە هەندێ‌ فەرمانبەری پلە باڵای سەرۆكایەتی هەرێم و هەندێ‌ جێگای تریش ناچار بەخۆ خانەنیشكردن دەكرێن. ئەوەش هەنگاوێكە كە نە لەڕووی سیاسی و نە لە روِوی یاسای لەبەرژەوەندی گشتی نییە و نابێ‌.
لە كۆتاییدا هیوادام سەرۆكی حكومەت ئێستا و سەرۆكی ئاییندەی هەرێم چاوێك بەو بڕیارەدا بخشێنێتەوە، بەپێچەوانەوە یەكێتی چاو لەو بڕیارە و بڕیاری تری لەو جۆرەش ناپۆشێ‌، چونكە لە پشتی ئەو جۆرە بڕیارانە بابەتی تر دەخوێندرێنەوە، ئەو بابەتانەش نیگەرانی و دڵەراوكێ‌ و ترس لەناو خەڵكی كوردستان دروست دەكەن.
   


AM:09:40:14/05/2019