حەوت رۆژ ماوە بۆ ئەنجامدانی تاقی كردنەوەكانی پۆلی 12 و پۆلی 9ی بنەڕەتی و دوو ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم ئەو حاڵەتانە دیاردەكەن كە قوتابیان لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا دەتوانن رۆژووەکەیان بشكێنن.
مەلا محەمەد ئێنەیی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم رایگەیاند: لەسەر قوتابی پێوستە رۆژانە بەڕۆژووبوونەكەی بەردەوامبێت تاوەكو ئەو كاتەی هەست دەكات كە بەهۆی زۆری سەعی كردنەوە تووشی بێتاقەتی و بیزاری زۆر دەبێت و زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت ئەوكاتە رێگەی پێدراوە رۆژووەكەی بشكێنێت، بەڵام نابێت ئەوە بكرێتە بیانو بۆ رۆژو شكاندن.
لەلایەن خۆیەوە ئەحمەد شافیعی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم بەدواڕۆژی راگەیاندوە،لەحاڵەتێكدا گەر مرۆڤ نەیتوانی بەڕۆژوو بێت شەرع رێگەی پێداوە بەڕۆژوو نەبێت، یەكێكیش لەوانەی كە رێگەی پێدراوە بەڕۆژوو نەبێت كاری قورس و ئەستەمە، تاقیكردنەوەكانیش یەكێكە لەو كارە قورسانە، چونكە قوتابی دەبێت كتێبەكانی موراجەعە بكاتەوەو هیلاك و ماندوو دەبێت، بۆیە ئاساییە ئەو قوتابیە بەهۆی سەعیكردنەوە بێتاقەت دەبێت و گەر لەسەر رۆژوەكەی بەردەوام بیت زیان بە نمرەكانی بگەێنێت ئەوكاتە بەڕۆژو نەبێت و لەكاتێكی تردا رۆژوەكەی بگرێتەوە.