وەزارەتی كارەبا گرێبەست لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكدا دەكات، بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر و لە چەند شوێنێكیش بەهۆی جێبەجێكردنیەوە 24 كاتژمێر كارەبا هەیە.
دیار تاهیر، بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لەوەزارەتی كارەبا ئاشكرایكرد، رێكەوتنیان لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكدا كردوە بۆ دامەزراندنی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەسەرچاوەی وزەی خۆرەوە.
راشیگەیاند: لەئێستادا لێكۆڵینەوەكانیان ئامادەكردوەو لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆیی و جیهانییەكاندا لەگفتوگۆدان و زانیارییەكان ئاڵوگۆڕ دەكەن تاوەكو بتوانن رەزامەندی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی پێ وەربگرن و بەشێوەیەكی وەبەرهێن جێبەجێ بكرێت.
وتیشی: بەپێی لێكۆڵینەوەكان هەرێمی كوردستان زۆر گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لەسەرچاوەی وزەی خۆرو لەئێستاشدا لەشاری هەولێر دوو ساڵە سێ پرۆژەی بچكووك جێبەجێكراوە كە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە بودجەكەی بۆ دابینكرابوو كە ئەوانیش دوو خوێندنگەن لەعەنكاوەو كۆیە، لەگەڵ نەخۆشخانەیەك لەكەسنەزان و 24 سەعات وزەی كارەبا بۆ ئەو سێ دامەزراوەیە دابین دەكەن، ئەوەش تەنها وەكو تێستێكی سەرەتایی بووەو سەركەوتوو بوون.