ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان ڕادەگەیەنرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ساڵی چوارەم ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان ڕادەگەیەنێت و وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت "پڕۆژەی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان گۆڕانكاری زۆر گرنگی لەگەڵ خۆی هێنا، كلتوری كێبڕكێی زانستی تۆخكردەوە".

لیژنەی باڵای ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكردوە، ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان یەكێكە لەپڕۆژە گرنگ و كاریگەرەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، چونكە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە لەماوەی ڕابردوو كاریگەری زۆری خستۆتەسەر پێشكەوتنی زانكۆكان و، ئاشناكردنی زانكۆكان بەكۆمەڵێك بەهای نوێ.

لە راگەیەندراوەكەدا كە ماڵپەری فەرمی وەزارەتی خوێندنی بڵاویكردوەتەوە، لەئێستادا كاروبارە تەكنیكی و تایبەتەكانی پەیوەست بە ڕێزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان  بەشێوەیەكی سەركەوتوو بەڕێوەدەچێت و واش بڕیارە ئەمساڵیش لەناوەڕاستی مانگی ئەیلول بۆ جاری چوارەم ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان ڕابگەیەنرێت.

لێژنەی باڵای ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان دوپاتیشی كردوەتەوە، پرۆسەی ڕیزبەندی زانكۆكان پشت بە (٧) پێوەری سەرەكی و، (٤٧) پێوەری لاوەكی دەبەستێت، جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان گۆڕانكاری زۆر گرنگی لەگەڵ خۆی هێنا، كلتوری كێبڕكێی زانستی تۆخكردەوەو، پێوەر و ستاندارد و كلتوری نوێی هێنایە ناو ئەزمونی ئەكادیمیای كوردستان.



PM:06:51:09/07/2019