نرخی كرێی پاس و تاكسی بۆ خوێندكاران دیاریكرا

لیژنەی رێكخستنی ھاتووچۆی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگا و خوێندنگە حكومی و ئەھلییەكان كارەكانی دەستپێدەكاتەوە و كرێی پاس و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەشی دیاریكرد.

ڕائد چالاك سەڵاح، نوێنەری ھاتووچۆ و سەرۆكی لیژنەكە رایگەیاندوە، نوێنەری ھاتووچۆ و ئاسایش و پەروەردە و گواستنەوە و چاودێری بازرگانی لە لیژنەكەدا ھەیە و كار بۆ ئەوەدەكات بەسەلامەتی خوێندكاران لەماڵەوە بۆ ناوەندەكانی خوێندن و بەپێچەوانەو بگوێزرێنەوە.

ڕائد چالاك سەڵاح راشیگەیاند: پێویستە تەنھا ئۆتۆمبێلی نەفەرھەڵگر(پاس و تەكسی) كاری گواستنەوەی خوێندكاران بكەن و ئۆتۆمبێلی تایبەت تەنھا خوێندكاری نزیك لەخۆی دەگوازێتەوە، پێویستیشە ئەو تەكسی یان پاسانە بەپێی جێگەی دانیشتن خوێندكاریان تێدابێت و بەھیچ جۆرێك رێگە نادرێت نەفەری زیاتر ھەڵبگرن، لەھەمانكاتدا پەخشكردنی گۆرانی و موسیك لە ناو ئەو ئۆتۆمبێلانەدا قەدەغەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد پێویستە ھەر شۆفێرێك كاری گواستنەوەی خوێندكاران دەكات زانیاری تەواو لەبارەی خۆی و ئۆتۆمبێلەكەیەوە لەلای لیژنەی قوتابخانەكە ھەبێت و لەكاتی پێویستدا بخرێتە بەردەستی لیژنەی ھاتووچۆ.

لەبارەی نرخی گواستنەوەی خوێندكار لە ماڵەوە بۆ ناوەندەكانی خوێندن بەئەھلی و حكومییەوە، راشیگەیاندوە، ئەو خوێندنگا و باخچانەی لە سنوری گەڕەكەكانی خۆیانن نرخی گواستنەوەیان بۆ ھەر مانگێك بۆ پاس دەبێت لە (١٥ بۆ ٢٠)ھەزار دینار زیاتر نەبێت و بۆ تەكسی لە(٢٥ بۆ ٣٠) ھەزار دینار زیاتر نەبێت. ئەو خوێندنگا و باخچانەیش كە دەكەونە دەرەوەی سنوری گەڕەكەكانی خۆیان، بەڵام لەناو شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود دان نرخی گواستنەوەیان بۆ پاس (٢٠ بۆ ٣٠) ھەزار دینار و بۆ تەكسی  ٢٥ بۆ ٣٥ھەزار دینار دەبێت.

ھەر لەبارەی نرخەكانەوە، باسی لەوەشكردوە، ئەو خوێندنگا و باخچانەش كە لە دەرەوەی سنوری گەڕەكەكانی خۆیانە و لەدەرەوەی شەقامی مەلیك مەحمودە نابێت كرێی گواستنەوە بۆ پاس لە(٢٥ بۆ ٣٥) ھەزار و بۆ تەكسی لە (٥٠ بۆ ٧٥) ھەزار دینار زیاتر بێت.



PM:01:43:23/09/2019