بەڕێوەبەری ئۆفیسی کەناڵی رووداو لە سلێمانی لە کاوە ئەمینەوە دەگۆڕدرێت، بۆ هیوا جەمال پێشکەشکاری بەرنامەی " رووداوی ئەمڕۆ "ی کەناڵەکە.
عەبدولغەفار عەبدوڵا رەحیم بەڕێوەبەری میدیای بابیلۆن لە سلێمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، وێنەیەکی خۆی و ( هیوا جەمال ) ی بڵاوکردۆتەوەو لە ژێریدا نووسیوویەتی " پیرۆزبایی و هیوای سەركەوتن بۆ كاری تازەی برای ئازیزم، هیوا جەمال دەخوازم وەک بەڕێوەری ئۆفیسی رووداو لە سلێمانی، ئومێدەوارم هیوایەكی تازە بخاتە نێو كاری میدیایی لەو شارەدا، بە تایبەتی بۆ چالاكی هونەریی و هونەرمەندان''.
بەپێی زانیاریەکانی سپی، کاوە ئەمین یەكێکە لە کادیرەکانی پارتی کە ژمارەی کادیرانی پارتی لە ئۆفیسی سلێمانی کەناڵەکەدا زۆر کەمەو ماوەی چەند ساڵێکە بەڕێوەبەری ئۆفسی سلێمانی کەناڵەکە بووە، ناوبراو لە ناو هاوڕێکانیدا رایگەیاندووە کە دەستی لە پۆستی بەڕێوەبەری ئۆفیسی کەناڵە کێشاوەتەوەو، تەنها بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی بەرنامەی " پەنجە مۆر"، کە بەرنامەیەکی مێژووییە لەگەڵ کەسایەتییە کوردیەکاندا سازی دەکات.
رووداو بەم دواییانە مەکتەب و شوێنی کارکردن و ستۆدیۆی نوێی لە سلێمانی کردەوە، ماوەیەک پێش کردنەوەی ئەم ستۆدیۆیە، هیوا جەمال وەک سەرپەرشتیاری مەکتەبی کەناڵەکە لە سلێمانی دانراو، ئەمڕۆ کراوەتە بەڕێوەبەر، پێش هەفتەیەکیش هەشت رۆژنامەنووسی ئەو کەناڵە لە یاداشتێکدا وازهێنانی خۆیان راگەیاند.