لە سلێمانی گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە

لە ناحیەی سیتەکی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە باخی هاوڵاتییەکدا گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە کە مێژووەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکان.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی  ڕایگەیاند "هاوڵاتییەک ئاگاداریکردینەوە کە کۆمەڵێک ئێسک و پروسکی لە ناو باخەکەیدا بینیوە، بۆیە تیمی بەڵگە و تاوانی پۆلیسی سلێمانی و ئاسایشی سلێمانی لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکەدا چوونە شوێنەکە و دەرکەوت کە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لەو شوێنەدا هەیە".

وتیشی، دوای هەڵدانەوەی گۆڕەکە، دەرکەوتووە کە سێ ڕووفاتی تێدا بووە دەرهێندراوە و کۆمەڵێک جلوبەرگ و ناسنامەیەکیشی تێدابووە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکى بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سیتەک، هەرسێ روفاتەکە پیاون و کوردن، چونکە جل و بەرگەکانیان کوردین، هەروەها ناسنامەیەکیش بە ناوی (محەمەد جەزا) لە گۆڕەکەدا دۆزراوەتەوە و مێژووى گۆڕەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکان.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، ڕووفاتەکان بردراونەتە پزیشکی دادی سلێمانی و دوای ئەوەی پشکنینی دى ئێن ئەى بۆ ڕووفاتەکان دەکرێت، زانیاری زیاتر لەسەر دۆسییەکە بڵاودەکەنەوە.



PM:04:55:07/10/2019