دەمیرتاش پێشبینیەك بۆ پارتەكەی ئەردۆگان دەكات

سەلاحەدین دەمیرتاش پێشبینی بۆ داهاتووی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار ( ئاكەپە) لە توركیا دەكات و پێی وایە لە هەڵبژاردنی داهاتوو كۆتایی دێت. 

 

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە لەرێگەی نامەوە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەی جمهورییەتی داوەتەوە سەبارەت بە داهاتووی ئاكەپە لە گۆڕەپانی سیاسی توركیا، دەڵێت" ئاكەپە كۆنتڕۆڵی هەموو شتێكی كردووە، وەكو دادگا، پەرلەمان، میدیا، زانكۆ و ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵكی بەو كارەی وای پیشاندەدات كە دەتوانێت بۆ ماوەی هەزاران ساڵ بەردەوام بێت، بەڵام لە راستیدا ئاكەپە بەرەو كۆتایی دەچێت و هێزو توانای پێشتری نەماوە".

 

هاوکات دەمیرتاش پێشبینی كردووە لە هەڵبژاردنی داهاتوو كە لە ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجام دەدرێت، ئاكەپە رووبەڕووی شكستێكی گەورە ببێتەوە و ببێت بە مێژوو. 

 

ئەوەش دوای ئەوە هات كە پێشتر پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی ئێستای هەدەپە هەمان پێشبینی بۆ ئەردگان و پارتەكەی كردبوو. 

 

سەڵاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتمەدارێکی کوردی زازایە، لە نیسانی ساڵی ١٩٧٣دا لە شارۆچکەی پالۆی سەر بە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان لەدایکبووە. سەلاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٧دا لەسەر لیستی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک وەکوو نوێنەری پارێزگای ئامەد بۆتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و لە دوای قەدەغەکردنی ئەم پارتە لە لایەن دادگای دەستووری تورکیاوە، لە ساڵی ٢٠١٠دا بوو بە ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی، سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپەیە.


ناوبراو کوردی زازایە و دەرچووی کۆلێژی یاسایی زانکۆی ئانکارایە، دەمیرتاش بەر لەوەی بە شێوەی ئەکتیڤ بێتە ناو سیاسەت، لە بەڕێوەبەرانی لقی ئامەدی بوو. 


لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و ئەندامپەرلەمانەکانی ھەدەپە بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەستگیرکرا.
 




PM:01:47:24/12/2019