هەردوو كەشناسی عیراق و هەرێمی كوردستان پێشبینییەكانیان بۆ دۆخی كەشوهەوای هەفتەی داهاتوو بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت" كە بارستە هەوایەكی زۆر سارد و وشك ناوچەكە دەگرێتەوە و بەهۆیەوە بەفر دەبارێت".
دەستەی كەشناسی عیراق لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە" كە لە سبەینێ شەممەوە ناوچەكانی وڵات دەكەونە ژێر كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەكی هاتوو لە باكوری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە، كە بارستە هەوایەكی زۆر سارد و وشكی هەڵگرتووە و بەهۆیەوە پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزن و دەچنە ژێڕ سفری سەدی، كە لە پارێزگای سلێمانی دەگاتە -6 پلەی سەدی".
ڕاشیگەیاندووە" كە شەپۆلەكە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاسمان هەور بێت و بەفر لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای وڵات ببارێت و لە چەندین ناوچەش لێزمە باران ببارێت".
جەختیشی كردۆتەوە: كە پێشبینی دەكەن شەپۆلەكە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بێت.
لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە" بارستە هەوایەكی جەمسەری سارد ڕوو لە ناوچەكەمان دەكات، كە سەرباری باران بارین، شەپۆلێكی بەفر بارین زۆربەی ناوچەكان و بەشێكی ناوەندی پارێزگاكان دەگرێتەوە".
ڕاشیگەیاندووە" سەرەتای شەپۆلەكە لە شەوی هەینییەوە ناوچەكە دەگرێتەوە و بەرەبەیانی ڕۆژی دوو شەممە كۆتایی دێت".