نرخی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان دیاریكرا

كارەبای سلێمانی نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلیەكان و خشتەی كارپێكردنەكەی بۆ مانگی شوبات ئاشكرا دەكات و هاوكات خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكانیش لەسنوری پارێزگای سلێمانی بۆ مانگی  ئادار رادەگەیەنێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی سەبارەت بەبەرنامەی كاركردنی موەلیدەكان بۆ مانگی شوبات تێیدا هاتووە، نرخی یەك کاتژمێر ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ ئەو مانگە بە  (39) دینار (23) فلس دیاریكراوە.

لەزانیاریەکانی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە" بەپێی نرخی گازوایل لە بازاڕەكان، نرخی یەك کاتژمێر ئەمپێری كارەبای مۆلیدەی ئەهلی لە سنوری سلێمانی بە (39) دینار و (23) فلس دیاریكرا و بەلێكدانی ژمارەی کاتژمێرى كاركردنی موەلیدەكان لەگەڵ نرخی یەك كاتژمێر بۆ ئەمپێر، نرخی یەك ئەمپێر بۆ مانگێك دەردەچێت، هەربۆیە نرخی ئەمپێرێك كارەبای موەلیدە لەگەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكە جیاوازە".

سەبارەت بە خشتەی کارپێکردنی كارەبای مۆلیدە لە مانگی سێ (ئازار)، روونکراوەتەوە، موەلیدەكان لە کاتژمێر یەکی دوانیوەڕۆ تاوەکو یەکی شەو لە ئامادەباشیدا دەبن و كاردەكەن، بەیانیانیش لە كاتژمێر (7 بۆ 8)ی بەیانی ئەگەر كارەبای نیشتمانی نەبوو كاردەكەن، هاوکات  لە رۆژانی هەینی و پشووه‌ گشتییه‌كان بەیانیان موەلیدەكان كارناكەن، بەڵام لە كاتژمێر (12)ی نیوەڕۆوە كارەبا بۆهاوڵاتیان دابین دەكەن.

قائیمقامیەتی سلێمانی جەختیکردووەتەوە: لەكاتی بڕینی كارەبای نیشتیمانیدا پێویستە مۆلیدە ئەهلییەكان لە ماوەی (10) خولەكدا كاریان پێ بكرێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.

دیاریکردنی خشتەی کارپێکردنی مۆلیدە ئەهلیەکان، لە کۆبونەوەیەکی قائیمقامیەتی سلێمانی بەسەرپەرشتی ئاوات محەمەد، لیژنەی دیاری كردنی نرخ و بەرنامەی موەلیده ئەهلییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بەکارەبا دێت.



PM:01:12:01/03/2020