لە پارێزگای سلێمانی بڕیار لەسەر ٢٣ ڕێوشوێنی نوێ دران بۆ بەرگرتن لە کۆرۆنا

قائیمقامیەتی سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکدا کە پارێزگاری سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگا بەشداربوون، بڕیار لەسەر ٢٣ رێوشوێنی نوێ دران بۆ بەرگرتن لە کۆرۆنا.
 
لە ئەنجامی كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا:

 

١. بەپێی بەیانی ژمارە (١٥)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ، هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاو پارێزگاكانی تری هەرێم و ئیدارە سەربەخۆكاندا ڕادەگیرێت، تەنها بۆ ئەو لایەنانە نەبێت، كە لە بەیاننامەكەدا دیاریكراون، بۆ باری تایبەت و سەردانی دیاریكراو بۆ پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك لەڕێی پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانیەوە دەبێت، بۆ (كەركوك لەڕێی قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی خۆرئاوای سلێمانی)، بۆ (پارێزگای هەڵەبجە لەڕێی قائیمقامی قەزای سەیدسادق و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشەوە)، بۆ (ئیدارەی ڕاپەڕین لەڕێی قائیمقامی قەزای دوكان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشەوە)، بۆ (ئیدارەی گەرمیان لەڕێی قائیمقامی دەربەندیخان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشەوە) دەبێت بە ئاگاداری پارێزگاری سلێمانی.
٢. هاتووچۆ لەنێوان هەموو گوندو ناحیەو قەزاكانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا كەمدەكرێتەوەو داوا لە هاووڵاتیان دەكرێت تەنها لە حاڵەتی پێویستدا سەردانی شوێنی تر بكەن.
٣. دەسەڵاتی تەواو دراوەتە بەڕێزان سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان (قائیمقامیەت و بەڕێوەبەری ناحیەكان)، كە بازاڕەكان ڕێكبخەنەوەو چاودێری وردی نەهێشتنی قەرەباڵغی و پاكژكردنەوەو نرخ و كوالێتی بازاڕو كاڵاكان بكەن.
٤. دەسەڵاتی تەواو دراوەتە سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان (قائیمقامیەت و بەڕێوەبەری ناحیەكان)، هەر جووڵەو كۆبوونەوەو بۆنەو چالاكییەك لە سنوری یەكە كارگێڕییەكانیاندا بەپێی تایبەتمەندی ناوچەكانیان ڕابگرن لەپێناوی تەندروستی گشتیدا.
٥. بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هاوكاری تەواوی یەكە كارگێڕییەكان دەبێت بۆ چاودێریكردنی ڕەوشی تەندروستی و ڕاهێنان و گەیاندنی خزمەتگوزاریی و ڕێنماییە تەندروستیە پێویستیەكان.
٦. دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ڕێكدەخرێتەوەو چاودێری زیاتری بارهەڵگرو ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەكرێت و تیمی تەندروستی و هێزی زیاتری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و هێزەكانی پاسەوانی سنور لە دەروازەو خاڵە سنورییەكاندا جێگیر دەكرێن.
٧. هەموو چالاكییەكی وەرزشی و پاڵەوانێتی و خولی یانەو تیپە میللییەكان تا كاتێكی نادیار لە سنوری هەموو یەكە كارگێڕییەكاندا ڕادەگیرێن.
٨. هێڵی خزمەتگوزاریی (هۆت لاین) ئەمڕۆ لەلایەن پارێزگاری سلێمانی و قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە وەك پڕۆژەیەكی نیشتمانی لەسەر ژمارە (١٢٢) ڕاگەیەندراوەو داوا لە هەموو یەكە كارگێڕییەكان كرا هاووڵاتیانی خۆیان لەم هێڵ و خزمەتگوزارییە ئەلكترۆنییە ئاگادار بكەنەوە، كە بەشێوازێكی شایستە لەڕێی تەلەفۆنەوە بەبەردەوامی (٢٤) سەعات و بەبێ بەرامبەر ڕێنمایی و ڕاوێژو ئاراستەكردن و پشكنین و چارەسەرسازیی پێشكەش دەكەن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناداو دەبێتە تاقیگەیەكی پێشكەوتووی خێرا لە هەر ماڵێكدا.
٩. شوێنە گشتیەكان كە ژمارەیەكی زۆری خەڵك تیایدا كۆدەبنەوە دادەخرێن لە نموونەی (شەقامی سالم (سەهۆڵەكە)، چایخانەی شەعب، بازاڕی دۆلارەكە، بازاڕە داخراوەكان، چایخانە قەرەباڵغەكان، دامەزراوە گەشتیارییەكان) و هەر شوێنێكی تریش پێویست بكات بەپێی تایبەتمەندی ناوچەیی و دانیشتوانی سنوری یەكە كارگێڕییەكان دادەخرێن.
١٠. پرسەدانان و چوونەسەر ئارامگای ئازیزان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیەو رێكاری پێویست بەرامبەر هەر سەرپێچیكارێك دەگیرێتەبەر.
١١. ئارایشتگاو سەرتاشخانەو هەر شوێنێكی تایبەت كە ژمارەیەكی زۆری خەڵك لەخۆبگرێت بەپێی ڕێنمایی قائیمقامیەتەكان دادەخرێن.
١٢. پارێزگاری سلێمانی داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، كە لە كرێی مانگێك یان دوو مانگی موڵكەكانی حكومەت ببورێت و داوا لە خاوەن موڵكە تایبەتیەكانیش كرا هەمان هەڵوێستی جوامێرانە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بنوێنن.
١٣. لەڕێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و وەزارەتی تەندروستییەوە، پارێزگاری سلێمانی داوا لە هەموو نەخۆشخانە ئەهلی و تایبەتەكان دەكات نرخی هەموو خزمەتگوزاریی و پشكنین و نەشتەرگەرییەكانیان لە ٢٥٪ بۆ ٤٠٪ كەمبكەنەوە بۆ هاوكاریكردنی هاووڵاتیان و كەرتی گشتی.
١٤. داوا لە هەموو كۆمپانیاو كارگەو دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت كرا كە دەوامی كارمەندانیان ڕێكبخەنەوە بەپێی ئەم بارودۆخەو ژمارەی كارمەندەكان لە دامەزراوەكاندا بەپێی ڕێنماییە تەندروستیەكان كەمبكەنەوەو پرۆسەی پاكژكردنەوەو دەرمانپژان و خۆپارێزیی و دابینكردنی پێداویستیەكانی پاكژكردنەوە بۆ هەموو شوێنەكانیان دابین بكەن.
١٥. پێویستە هەموو مۆڵ و دامەزراوە گەشتیارییەكان و لەسەر ئەركی خۆیان و بە چاودێری لایەنە حكومیەكان پاكژكردنەوەو دەرمانپژاندن جێبەجێ بكەن، لەژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و قائیمقامیەتی سلێمانی.
١٦. هەموو سەنتەرو دامەزراوەو شێڵتەرو خانەكان پاكژدەكرێنەوەو دەرمانپژ دەكرێن، لەڕێی تیمە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی.
١٧. تیمە هاوبەشەكان لەژێر چاودێری سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكاندا لە سەنتەری شاری سلێمانی و قەزاكاندا بەردەوام دەبن لە پرۆسەی پاكژكردنەوەو دەرمانپژاندنی شەقام و شۆستەو شوێنە گشتییەكاندا.
١٨. لیژنەیەكی تایبەت لە بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی و سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان پێكهێنرا بۆ دیاریكردنی ئەو شوێن و ناوچەو هاوینەهەوارە گەشتیارییانەی كە پێویستە لە یادەكانی نەورۆزدا دابخرێن و لە قەرەباڵغی بەدووربن، بەپێی ڕێنماییەكانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و ڕێنماییەكانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی.
١٩. هەموو نووسینگەی گەشتیاری و بڕینی تكتی فڕۆكە ئاگاداركراونەتەوە كە لیستی ناوی ئەو خێزانانە پێشكەش بە لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بكەن بۆ ئەو هاووڵاتیانەی لە وڵاتانی ئەوروپاو دەرەوە دەگەڕێنەوە، هەر هاووڵاتیەك هەوڵی بەلاڕێدابردن و شاردنەوەی شوێنی نیشتەجێبوون و گەشتكردنی بدات، ڕێكاری توندی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
٢٠. بەسوپاسەوە فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی پشتیوانی هەنگاوو ڕێنمایی و بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی خۆجێی و یەكە كارگێڕییەكان دەبێت و هەر سەرپێچیكردن و چەواشەكردن و بڵاوكردنەوەی زانیاری ناڕاست و گومان دروستكردنێك بۆ هاووڵاتیان و هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایشی تەندروستی و ژیانی هاووڵاتیان، ڕێكاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
٢١. تا ڕۆژی (١٦ /٣ /٢٠٢٠) ڕێ بە هاتنەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە دەروازەكانی (باشماخ، پەروێزخان، حاجی ئۆمەران)ەوە دەدرێت كە بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، دوای ئەوماوەیە ڕێ بە كەس نادرێت تا كاتێكی نادیار.
٢٢. هەر هەڵگرێكی پاسپۆرت و ڕەگەزنامەی غەیرە عێراقیی بەبێ رێكاری یاسایی نشینگەو ئاسایش لە هەر شوێنێكی پارێزگای سلێمانیدا دەستگیربكرێت ڕەوانەی وڵاتەكەی خۆی دەكرێتەوە.
٢٣. پێویستە هەموو لایەك پابەندی تەواوی بڕیارو ڕێنماییە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بن، هەركەس سەرپێچی بكات ڕێكاری توندی یاسایی لەبەرامبەریدا دەگیرێتەبەر.

 



PM:06:42:12/03/2020