به‌ندكراوێكی به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندی شاری مه‌هاباد كوژراو پێنجی تریش برینداربوون


بە هۆی راپەڕینی بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەهاباد و دەستڕێژی هێزە ئەمنییەکان لە بەندکراوان، به‌ندكراوێك كوژرا و  پێنجی تر بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو" بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 29ی ئازاری 2020، نزیکەی 300 بەندکراوی راگیراو لە شه‌ش بەند لە کۆی حه‌وت بەندی بەندیخانەی مەهاباد بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بێبەش بوون لە مافی مرەخەسی و رێگری بەرپرسانی بەندیخانە، راپەڕین".

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ رێكخراوه‌كه‌، لە ئاکامی راپەڕینی بەندکراوان و شکاندنی چوار دەرگای بەندیخانە و ئاگردانی بەشێکی زۆر لە کەرەستەکانی ناو بەندیخانە بەتایبەت لە نهۆمی دووەم، هێزەکانی سوپای پاسداران بەندیخانەیان گەمارۆ داوە و دەستڕێژیان لە بەندکراوانی ناڕازی کردووە.

ئەو سەرچاوەیە بۆ رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌" هێزەکانی سوپای پاسداران تەقەیان لە بەندکراوانی ناڕازی کردووە و لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونەدا بەندکراوێک گیانی لە دەست داوە و پێنج بەندکراوی دیکەش بریندار بوون".

یەکێک لە هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانە وێرای پشڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە رایگەیاند" ئەو بەندکراوەی کە گیانی لە دەست داوە پیاوێکی بەساڵاچوو بووە، بەڵام هێشتا دیار نیە بە تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراوە یان لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونی دەستەویەخە بووە". 

ئەو ئەندامەی هێزە ئەمنییەکان لە درێژەدا وتوویه‌تی" تا ئێستا هیچ یەک لە بەندکراوە بریندارەکان بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی رەوانەی ناوەندە پزیشكییه‌كان نەکراون".

لەلایەکی دیکەوە، باوکی یەکێک لە بەندکراوانی بەندیخانەی مەهاباد کە سزای له‌ سێدارەدانی هەیە و خۆی هەر لە یەکەم کاتژمێرەکانی دەستپێکی راپەڕینی بەندکراوان لە پێش دەرگای بەندیخانە ئاماده‌یی هەبووە، بە هەنگاوی راگەیاند: کە هیچ یەک لە بەندکراوەکان نەیانتوانیوە کە هەڵبێن.

بنەماڵەی بەندکراوێکی دیکەش لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ هەنگاو رایانگەیاندووە کە شەقامی محەمەد قازی بە تەواوەتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە و هێزە ئەمنییەکان لە دەورووبەری بەندیخانە و سەر بانی بەندیخانە و کۆڵانەکانی دەورووبەر جێگیر بوون.


AM:09:09:30/03/2020