بەپەلە.. یەكێتی: بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ لەسەر داواكارییەكانمان پێداگریی دەكەین

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆتایی هات‌و ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت: یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ پێداگریی لەسەر داواكارییەكانی دەكات‌و دەخوازێت لەبەغدا پێكەوە دانوستان بكەین.
 
ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆتایی پێهات كە بۆ بڕیاردان لەسەر چەندین تەوەری گرنگ لەوانە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەسترابوو.

لەمبارەیەوە، ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە سپی میدیای راگەیاند: كۆبوونەوەكەی ئەمرۆ بە دوو مەبەست بوو، یەكەمیان: هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و ئەو ئەنجامانەی یەكێتی‌و لایەنەكانی دیكە بەدەستیان هێناوە.

هەروەها تەوەری بەشداریكردن لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو.

ئارێز عەبدوڵا سەبارەت بە مەبەستی دووەمی كۆبوونەوەكەی ئەمرۆ وتی مەبەستی دووەم قسەكردن بوو  لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی بەغدا‌و بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان یەكێتی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هەمو هێزە كوردستانیەكان پێكەوە بۆ بەشداری لە حكومەتی نوێ بەغدا كاربكەن.
ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی سەبارەت بە مەبەستی یەكەمی كۆبوونەوەكەی ئەمرۆ  وتیشی: ئێمە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێ لەسەر داواكارییەكانمان دادەگرین.



PM:08:01:12/05/2014