فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ناونانی سەرۆكو جێگری كابینەی نوێی حكومەت ئاشكرا دەكەنو رایدەگەیەنن "هەڵوێستی خۆمان دەبێت".
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان رابوون مەعرووف لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك هەڵوێستی فراكسیۆنەكەی لەبارەی ناونانی كاندید بۆ سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەت كە لەپشكی پارتیەو جێگرەكەشی كە دەبێت لە پشكی یەكێتی بێت، ئاشكرا دەكاتو دەڵێت " یەكێتی دەنگی بە كاندیدی ئێمە بۆ سەرۆكی پەرلەمان نەداوە، بابەتی گفتوگۆی ناو فراكسیۆنەكەمانەو لە كاتی خۆیدا لە پەرلەمان هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین".
دەقی هەڵوێستەكە
دوای دیاریكردنی كاتی ناونانی كاندید بۆ سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی لە پەرلەمانی كوردستان چەندین دەزگای راگەیاندن پەیوەندیان پێوە كردوین و سەبارەت بە كێشەی ناونانی كاندید بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت داوای هەڵوێستی فراكسیۆنی گۆڕانیان لێكردوین. ناوەڕۆكی وەڵامی ئێمە بۆ هەمو ئەو دەزگایانە بەمجۆرە بوە:
یەكەم: فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان هەروەك فراكسیۆنی خولی پێشوی پەڕلەمان دژی پێكهێنانی كابینەی حكومەتە لەسەر بنەمای دو ئیدارەیی.
دوەم: لە گفتوگۆكانی نێوان هێزە سیاسیەكان پۆستەكانی سەرۆكی پەڕلەمان و سەرۆكی كابینەی داهاتوی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت وەك یەك پاكێج رێكەوتنی لەسەر كراوە بەجۆرێك سەرۆكی پەرلەمان بۆ گۆڕان و سەرۆكی كابینەی داهاتوی حكومەت بۆ پارتی و جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ یەكێتی دەبێت.
سێهەم: لە دەنگدان بە كاندیدی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ سەرۆكی پەرلەمان هەمو فراكسیۆنەكان دەنگیاندا بە كاندیدەكەمان، بەڵام فراكسیۆنی سەوز بەبێ هۆیەكی ئاشكرا و رازیكەر دەنگیان بە كاندیدی ئێمە نەدا.
چوارەم: كێشەی دەنگدان یان نەدان بە كاندیدی یەكێتی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت، لە كاتێكدا ئێمە دژی دابەشكردنی كوردستانین بۆ دو ئیدارە و هەروەها فراكسیۆنی یەكێتی دەنگی بە كاندیدی ئێمە بۆ سەرۆكی پەرلەمان نەداوە، بابەتی گفتوگۆی ناو فراكسیۆنەكەمانە و لە كاتی خۆیدا لە پەرلەمان هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین.
هیوادارین چوار ساڵی داهاتو چوار ساڵی كار كردن بێت بۆ چاككاری لە سیستەمی سیاسی وڵاتەكەمان و نەهێشتنی كاریگەریەكانی دو ئیدارەیی نەك تۆخكردنەوەی.