تۆمەتبارێكی كەیسی ئەنفال لەخانەقین دەستگیركرا

هێزە ئەمنییەكان لە قەزای خانەقین تۆمەتبارێكی كەیسی ئەنفال دەستگیردەكەن‌و كەسوكاری‌ ئەنفالكراوانیش داوای‌ دەستگیركردنی‌ سەرجەم تۆمەتبارانی‌ ئەو كەیسە دەكەن.
ئەندامی‌ لیژنەی‌ داكۆكیكار لە كەسوكاری‌ ئەنفالكراوەكان لە گەرمیان ئەنوەر حەمەلاو رایدەگەیەنێت "لەلایەن هێزەكانی‌ پۆلیسەوە، داواكراوێكی‌‌ كەیسی‌ ئەنفال كە ناوی‌ لە لیستی‌ داواكراوانی ئەو كەیسەدا هاتووە، دەستگیركراوە".
ماڵپەڕی خەندان بڵاویكردۆتەوە، تۆمەتبارەكە ناوی‌ "ع.ح.د"ەو، دانیشتووی‌ قەزای خانەقینەو بەپێی زانیارییەكانیش لەسەردەمی‌ رژێمی‌ بەعس‌و لەكاتی‌ پرۆسەی‌ ئەنفالدا، پلەدار بووە.
پێشتریش لەسەر فەرمانی‌ دادگای‌ كفری‌، تۆمەتبارێكی‌ دیكەی‌ كەیسی‌ ئەنفال كە لەسەردەمی‌ رژێمی‌ بەعسدا فەرماندەی‌ مەفرەزە خاسە بووە، بەناوی‌ "ت.و.ب" دەستگیركرا.
لە لایەن دادگای‌ باڵای‌ تاوانەكانی‌ عیراق لیستێك كە ناوی‌ زیاتر لە 250 تۆمەتبار لەخۆ دەگرێت، لەسەر كەیسی‌ ئەنفال فەرمانی‌ دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام تائێستا فەرمانەكە بەتەواوەتی‌ جێبەجێنەكراوەو ئەمەش نیگەرانی‌ لای‌ كەسوكاری‌ ئەنفالكراوان دروستكردووە.



AM:11:45:25/05/2014