پەرلەمانتارێكی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت" ئێوە ئەم برگەی میواندارییەتان لە كوێوە هێناوە، هەموو یاسا و ڕێساكانی هەێمی كوردستان بتەكێنە دەقێكی تیا نیە باس لە میوانداری سەرۆكی حكومەت بكات بۆ ڕونكردنەوە، بۆ پەرلەمان میوانخانەو دیوەخانە".
لەپەیجی تایبەتی د. زانا رەوف كە دكتۆراكەشی لەبواری یاسادایە لەسەر داوەتكردنی سەرۆكی راسپێردراوی حكومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی نوسیویەتی " هەر بۆیە ئەگەر ئێوەش بە ڕاستی ئەتانەوێت پەرلەمان نەبێتە میوانخانەو دیوەخان، تكایە بۆ رۆژی میواندارییەكە هۆڵەی بۆ بەجێ بهێڵن.. قسەی دڵی خۆتان هەڵگرن بۆ رۆژی متمانەدان...ئەو كات قسەكانتان، دەنگەكانتان سەنگ و سودی خۆی ئەبێت ..ئەگەر نا میوانداری لە بنەڕەتدا هیچ نیە جگە لە شانۆگەرییەكی زۆر ناخۆش .. شانۆگەرییەك 22 ساڵە بە ناوی جیا جیاوە خۆی نمایش ئەكات..تكاتان لێ ئەكەم ئێوەش مەبنە ئەكتەر بۆ ئەو شانۆگەرییە".
دەقی نوسینكەی د. زانا رەوف
تكایە میوانداری مەكەن.. خۆ پەرلەمان میوانخانە نیە
بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ...
نازانم لەسەر چ بنەما و پێوەرێكی یاسایی بڕیارتان داوە ڕۆژی چوارشەممە (28 /5 / 2014 ) میوانداری سەرۆكی كاربەڕێكاری حكومەت و وەزیری دارایی بكەن بۆ پەرلەمانی كوردستان ، ئێوە ئەم برگەی میواندارییەتان لە كوێوە هێناوە، هەموو یاسا و ڕێساكانی هەێمی كوردستان بتەكێنە دەقێكی تیا نیە باس لە میوانداری سەرۆكی حكومەت بكات بۆ ڕونكردنەوە، بۆ پەرلەمان میوانخانەو دیوەخانەیە بۆ خۆ نمایشكردنی ئەم و ئەو؟ یان جێگەی چاودێریو لێپێچینەوەیە لە حكومەتو بەرپرسەكانی.
ئێوە هەمووتان باش ئەزانن كە ناتوانن لێپێچینەوە لە سەرۆكی كاربەڕێكاری حكومەت بكەن، چونكە ئەو لە قۆناغی كاربەڕێكاریدایە، ئێوە خۆتان چەند ڕۆژێك لەمەوپێش ناوتان ناوە بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم.. ئیتر ڕونكردنەوەی ئەوتان بۆ چیە، هەر بۆیە ئەگەر هەر یەكی 1000 پرسیاریشی لێ بكەن و وەڵامەكانیشیتان بە دڵ نەبێت هیچ سودێكی نیە، هەر خۆتان ماندوو ئەكەن، چونكە ئێوە ناتوانن پرسیارەكانتان بگۆڕن بۆ داوای لێپێچینەوە.. ئەو بە كورتی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكارە!.
جا ئەگەر مەبەستتانە لێپَچینەوەی لەگەڵ بكەنو، نەتانەوێت ئێوەش خۆتان نمایش بكەن... ئەوا تكاتان لێ ئەكەم ئەم داواكارییەتان هەڵگرن بۆ ڕۆژی متمانەدان بە كابینە حكومیەكەی...ئەوكات قسەی دڵ خۆتان بكەن..ئەگەر بە دڵتان نەبوو، دەنگی مەدەنێ.. با ئەو ڕونكردنەوەكەی هەڵگرێت بۆ هۆڵی كۆبونەوەكانی خۆی لە ئەنجومەنی وەزیران.
هەر بۆیە ئەگەر ئێوەش بە ڕاستی ئەتانەوێت پەرلەمان نەبێتە میوانخانەو دیوەخان، تكایە بۆ رۆژی میواندارییەكە هۆڵەی بۆ بەجێ بهێڵن.. قسەی دڵی خۆتان هەڵگرن بۆ رۆژی متمانەدان...ئەو كات قسەكانتان، دەنگەكانتان سەنگ و سودی خۆی ئەبێت ..ئەگەر نا میوانداری لە بنەڕەتدا هیچ نیە جگە لە شانۆگەرییەكی زۆر ناخۆش .. شانۆگەرییەك 22 ساڵە بە ناوی جیا جیاوە خۆی نمایش ئەكات..تكاتان لێ ئەكەم ئێوەش مەبنە ئەكتەر بۆ ئەو شانۆگەرییە.
د. زانا رۆوف