قادر حەمەجان: گرێبەستی گۆڕستانەکە هەڵوەشێتەوە

ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی و سەرۆکی پێشووتری شارەوانی سلێمانی، سەرۆکایەتی شارەوانی ئێستا رایدەگەیەنێت" ئەو گرێبەستەی کردووتانە بۆ بەخاک سپاردنی مردوو ھەڵبوەشێنرێتەوە. چونکە لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵکی ھەژار و نەداری شاری سلێمانی و دەوروبەری  یەک ناگرێتەوە".

 
 لەنووسینێکدا قادر حەمەجان سەرۆکی پێشووتری شارەوانی سلێمانی کە ئاراستەی سەرۆک ئەنجومەنی شارەوانی کردووە لەبارەی بەخاک سپاردنی مردوو لە گۆڕستانی سلێمانی، نووسیوویەتی " ئەوگۆڕستانە کە ئێستا دراوە بەکۆمپانیایەک بەگرێبەست، موڵکی شارەوانییە، تەواوی موڵکەکەمان کڕیوە، لەبەر نەبوونی گۆڕستان و شوێنی  بەخاک سپاردنی مردوو لەسەر سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی تۆمارە. بەمەبەستی ھاوکاری و یارمەتی خەڵکی شار لەکاتی لەدەست دانی ئەزیزێک لە ئەزیزو خۆشەویستەکانیان.

 
هەروەها دەڵێت" لەسەر ئەرکی شارەوانی سلێمانی سیاجی گۆڕستانەکە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٦ تەواو کراوە. بەپێی ( یاسای بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیەکان)یش شارەوانی خۆی بەرپرسە و ئەرکیەتی خەڵکی ھەژار و نەدار کەمردوویان لێ بمرێ ، خۆی ھەڵسێ بە خاک سپاردنی بەبێ بەرامبەر نەک پارەیان لێوەربگیرێت". 

 
لە درێژەی نووسینەکەیدا حاکم قادر دەڵێت "موڵکەکە و سیاجی گۆڕستانەکەش لەسەردەمی ئێمە دروستکراوە، دەیان دۆنم و زەوی مان کڕیوە بۆ دروستکردنی گۆڕستان و کرا بەموڵکی شارەوانی .داواکارین مردووش بەپارە بەخاک نەسپێرێت کە ئەمە عورف و عادات و تەقالیدی شارەکەمان بووە '.

 
لە کۆتاییدا قادر حەمەجان دەڵێت " لەبەر ئەوەی ئەو موڵکە وەک موڵکی گشتی مامەڵەی لەگەڵ ئەکرێ بۆ بەرژەوەندی گشتی یە . ئەو گرێبەستەی کردووتانە بۆ بەخاک سپاردنی مردوو ھەڵبوەشێنرێتەوە. چونکە لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵکی ھەژار و نەداری شاری سلێمانی و دەوروبەری  یەک ناگرێتەوە . پێویستە حوکمەت و شارەوانی لەخزمەتی خەڵک دابن نەک بارگرانی زیاتر بکرێت بەتایبەت لەم کاتی قەیرانی دارایی یەدا" .





PM:10:12:06/09/2020