ئەبوبەکر هەڵەدنی لە نووسینێکی کورتدا لەسەر وتارەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت دەڵێت " تا دەنگ بەم حیزبانەی دەسەڵات بدەن گرفت و قەرزەکان زیاد دەکەن".
ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی یەکگرتوو دەربارەی قسەکانی سەرۆکی حکومەت کە وتی "خەڵکی کوردستان دەنگی بە ئێمە داوە بە ئۆپۆزسیۆنی نەداوە"، دەڵێت " کەواتە دەبێت خەڵکی کوردستان ئەو راستیە بزانن هەموو قوڕبەسەری ونەهامەتیەکان ئەم زۆرینەی دەسەڵات دروستی کردووە کە بە وتەی سەرۆکی حکومەت ئێوە هەڵتان بژاردوون".
ئەبوبەکر هەڵەدنی دەشڵێت " بۆیە تەنها و تەنها گلەیی لەخۆتان وهەڵبژاردەی دڵخوازتان بکەن، تا دەنگ بەوان بدەن ساڵ بەساڵ گرفتەکانتان وقەرزەکانی سەرشانی خۆتان ونەوەکانتان بەردەوام وزیاد دەبێت."
ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی وەزیری دارایی و دەستەیەکی بەرپرسیاری حوکمەت بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمانیان کردو لەبارەی دۆخی سیاسی و ئابوری و کێشەی گەندەڵیەوە لە پەرلەمان وتاریان پێشکەشکردو روونکردنەوەیان پێشکەش پەرلەمانتاران کرد.