سەركردایەتی پارتی: 95%ی میدیاكان لەسلێمانی دژی پارتی نوسینیان بڵاوكردوەتەوە

بروسك نووری شاوەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی، پێیوایە لەكاتی هەڵبژدارنەكاندا 95%ی میدیاكان لەسلێمانی بە دژی پارتی دیموكرات بابەت‌و نوسینیان بڵاوكردەوتەو.

بروسك نووری شاوەیس لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ (رووداو) سەبارەت بە دەسەڵاتی پارتی لە سلێمانی لەپاش هەڵبژاردنەكان دەڵێت: ئێستا جیاوازی هەیە، ئەگەر بەپێی ئیستیحقاقی خۆت نەچیتە حكومەتەوە، دەتوانی ببیتە ئۆپۆزیسیۆنێكی ئیجابی، دەتوانی ئەوكات قسەی خۆت بكەیت لەسەر پرۆسەی ئیدارە. لایەنێكی دیكەش كە دەمەوێ بیزانن، لەو ماوەیە كە من وەك چاودێرێك سەیری بارودۆخی پارتیم دەكرد لە سلێمانی، دەزگاكانی راگەیاندن لەم شارە، رەنگە لە 100 تاوەكو 120 رۆژنامە و رادیۆ و تەلەڤزیۆن و گۆڤار بە بەردەوامی، 95%یان دژی پارتی قسەیان كردووە و نووسینیان بڵاوكردووەتەوە، ئەوەش كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر دەروونی خەڵك و دەنگدەر. ئینجا تۆ هاووڵاتیەكیت و خۆت ماندوو كردووە و چاوەڕوانی حیزبەكەت یان حكومەت دەكەیت دابمەزرێیت، كە تەنیا لەبەر ئینتیمای سیاسی دانەمەزرێی، تووشی نائومێدی دەبیت و پەنا بۆ حیزبەكەت دەبەیت. ئەوكات من پێی بڵێم چی؟  

ناوبراو سەبارەت بە پەیوەندی پارتی‌و سلێمانی دەڵێت:  پارتی هەرگیز دانەبڕاوە لە سلێمانی، ئەگەر بە جەستەش دوور بووبێت، بە رۆح لەگەڵی بووە، سلێمانیش لەگەڵ پارتی بووە. پارتی خوێندنەوەیەكی تایبەتمەندی هەیە بۆ سلێمانی كە زۆرجار لەسەر هەندێ شت ئیلحاح ناكات و تایبەتمەندی شاری سلێمانی دەزانێ. بەرژەوەندی گشتی دەخاتە پێش بەرژەوەندی تایبەت. لای من گرنگ نییە تەنیا لەسەر دەستی پارتی سلێمانی ئاوەدان بكرێتەوە، گرنگ ئەوەیە سلێمانی ئاوەدان ببێتەوە و من ببمە هۆكاری یارمەتیدەر.

بروسك نووری شاوەیس هەروەها دەڵێت كە "لەسلێمانیدا 3 هەزار دەرچووی زانكۆ بەهۆی ئەوەی پارتین دانامەزرێن"‌و سەبارەت بە وتەی سەركردەیەكی یەكێت كە لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان وتبووی "ئەگەر سلێمانی وەك مۆزێكی پاككراو بدەیتە دەست پارتی نایەوێت"  دەڵێت:  نەخێر راست نییە و ئەوە بۆچوونی خۆیەتی، ئەوە شەكری شكاندووە و ئەسڵ و ئەساسی نییە، پارتی فەخر بە سلێمانییەوە دەكات، چەند رۆژێكی دیكە 9ی حوزەیرانە، با ئەو كەسەی ئەو قسەیەی كردووە بیر لەو رۆژە بكاتەوە كە ئەو خەڵكە لەسەر كێ وای لێهات، ئەوەتا لە پاركی ئازادی ناوەكانیان دانراوە و مۆنۆمێنتێكیان بۆ كراوە، ئەوە لەسەر كێ بوو؟ لەسەر پارتی وایان لێهات، پێیانگوتن جنێو بدەن بە بارزانی ئەوان قبوڵیان نەكرد، تاوەكو خودی بارزانی هاتە ئێزگەیەك لە ساڵی 1963  خۆی هات قسەی كرد گوتی بارزانی نە پێغەمبەرە و نە خوایە قسەی پێبڵێن كوفر بێت، ئەگەر ژیانی ئێوە بەوە رزگار دەبێت قسەی پێبڵێن، ئینجا ئەوەشیان قبوڵ نەكرد و رازی نەبوون قسەی پێبڵێن.



PM:02:41:03/06/2014