وه‌زاره‌تی‌ دارایی: بەغدا ته‌نها موچه‌ی‌ مانگی‌ یه‌ك و دووی‌‌ ره‌وانه‌ی‌ هه‌رێم كردوە

وه‌زاره‌تی‌ دارایی و ئابووری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌سه‌ر لێدوانێكی‌ مالیكی روونكردنه‌وه‌ ده‌دات و له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا، رایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ ته‌نها مووچه‌ی‌ هه‌ردوو مانگی‌ یه‌ك و دووی‌ ئه‌مساڵ (كانوونی‌ دووه‌م و شوبات) له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ فیدڕاڵه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ هه‌رێم كراوه‌.

پێش چه‌ند رۆژێك، نوری‌ مالیكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق، له‌ دیدارێكی‌ ته‌له‌فزیۆنیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی‌ "عیراقییه‌"ی‌ نیمچه‌ فه‌رمی‌، جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هیچ شتێك نییه‌ ناوی‌ بڕینی مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران بێت، وتیشی :"ئه‌وه‌ لافیته‌یه‌كه‌ بۆ هاندان به‌رز ده‌كرێته‌وه‌".

ده‌قی‌ روونكردنه‌وه‌كه‌:

ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ و ئابووری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
سه‌باره‌ت به‌ دواین لێدوانی‌ به‌ڕێز "نووری‌ مالیكی‌" سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق, به‌وه‌ی‌ كه‌ گوایه‌ به‌ڕێزیان مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ نه‌بڕیوه‌, به‌ پێویستی‌ ده‌زانین بۆ فه‌رمانبه‌ران و هاوڵاتیان و گشت لایه‌ك ئه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ بخه‌ینه‌ ڕوو
1-
ئێمه‌ پێشتر وه‌ك وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ و ئابووری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕامان گه‌یاندبوو كه‌ له‌ بوودجه‌ی‌ مانگی‌  كانوونی‌ دووه‌م ته‌نها بڕی‌  566   ملیار به‌ناوی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران, وه‌ له‌ مانگی‌ شوبات یش ته‌نها بڕی‌ 548  ملیار ڕه‌وانه‌ی‌ هه‌رێم كراوه‌,  له‌وه‌ زیاتر تا ئه‌م كاته‌ش هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ تر ڕه‌وانه‌ی‌ هه‌رێم نه‌كراوه‌
 2-
وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ و ئابووری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ نووسراوی‌ ژماره‌  2114  له‌ به‌رواری‌  2014/3/17  بۆ ته‌مویل كردنی‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌  ئازار, وه‌ نووسراوی‌ ژماره‌ 3212 له‌ به‌رواری‌ 2014/4/13 بۆ ته‌مویل كردنی‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌  نیسان , وه‌ نووسراوی‌  3877  له‌ به‌رواری‌ 2014/5/15   بۆ ته‌مویل كردنی‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ ئایار , كه‌ ئاراسته‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ عێراق كراوه‌ بۆ ڕه‌وانه‌كردنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان, به‌ڵام تا ئێستا هیچ وه‌ڵامیان نه‌بووه‌ بۆ ڕه‌وانه‌كردنی‌ مووچه‌
-3
به‌ نووسراوی‌ ژماره‌  د 2/10/3446  له‌ به‌رواری‌  2014/3/5  نوسینگه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق كه‌ ئاراسته‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ عێراقی‌ كردووه‌, له‌م نووسراوه‌دا ئاماژه‌ی‌ ته‌نها به‌ خه‌رجكردنی‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌  شوبات ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌
4-
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌نووسراوی‌ ژماره‌ 5164  له‌ به‌رواری‌ 2014/3/10 وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ عێراق كه‌ ئاراسته‌ی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراقی‌ كردووه‌ بۆ ته‌مویل كردنی‌ حسابی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ پشت به‌ستن به‌ نووسراوی‌ نوسینگه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق كه‌ له‌ خالی‌ (1) ئاماژه‌ی‌ پێكراوه‌ به‌ خه‌رجكردنی‌ ته‌نها مووچه‌ی‌ مانگی‌  شوبات
لێره‌دا به‌ پێویستی‌ ده‌زانین هه‌ردوو نووسراوی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق و وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ عێراق بڵاوبكه‌ینه‌وه‌ كه‌ برینی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ بڕیاری‌ به‌ڕێز نوری‌ مالیكی‌ بووه‌



PM:06:04:05/06/2014