عەبدوڵا كوێخا موبارەك: وەک ڕۆڵەکانیان دەکوژن بەناوی دڵ نەواییەوە مەیان شکێنن و سوکایەتیان پێ مەکەن

هەڵسوڕاوێكی پێشووی گۆڕان رەخنە لە هەریەک لە پارتی و یەکێتی دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت"  ئەوەی ئێستا سەرانی یەکێتی بەناوی دڵ نەوایی کەسەوکاری قوربانیانی ئەمجارە و بە شێوەیەکی نائەخلاقی ئیعلامیەوە دەیکەن، ھەمان لاسایی و سوکایەتی پارتی و خودی بارزانیە". 

 

عەبدوڵا كوێخا موبارەك ئەندامی پێشوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە نوسینێکیدا بە ناونیشانی (دووجار کوشتن) دەڵێت" وەک ڕۆڵەکانیان دەکوژن بەناوی دڵ نەواییەوە مەیان شکێنن و سوکایەتیان پێ مەکەن، چونکە ئەوەش کوشتنێکی ترە".

 

دەشڵێت" ئەوەی ئێستا سەرانی یەکێتی بەناوی دڵ نەوایی کەسەوکاری قوربانیانی ئەمجارە و بە شێوەیەکی نائەخلاقی ئیعلامیەوە دەیکەن، ھەمان لاسایی و سوکایەتی پارتی و خودی بارزانیە کە لە ١٧ی شوباتدا بە باوکی شەهید ڕێژوانیانکرد، کوڕەکەیان شەهید کرد و خودی بارزانیش بە بەرنامە و بە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی و دواجار بڵاوکردنەوەی پەیوەندیەکە لە میدیاکان شکاندیان و جارێکی تر دوبارە کوژی ئەو خانەوادەیەیان کرد". 

 

دەقی نوسینەکەی:

 

دوو جار کوشتن

 

وەک ڕۆڵەکانیان دەکوژن بەناوی دڵ نەواییەوە مەیان شکێنن و سوکایەتیان پێ مەکەن، چونکە ئەوەش کوشتنێکی ترە.
ئەوەی ئێستا سەرانی یەکێتی بەناوی دڵ نەوایی کەسەوکاری قوربانیانی ئەمجارە و بە شێوەیەکی نائەخلاقی ئیعلامیەوە دەیکەن، ھەمان لاسایی و سوکایەتی پارتی و خودی بارزانیە کە لە ١٧ی شوباتدا بە باوکی شەهید ڕێژوانیانکرد، کوڕەکەیان شەهید کرد و خودی بارزانیش بە بەرنامە و بە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی و دواجار بڵاوکردنەوەی پەیوەندیەکە لە میدیاکان شکاندیان و جارێکی تر دوبارە کوژی ئەو خانەوادەیەیان کرد.

 

ھەموان ئەو ڕاستیە ئەزانن کە ئەو پۆلە گەنجەی ئەمجارە شەھید کران زۆرینەیان بە دەستی چەکدارانی یەکێتی بون و ئەوانەی کە لە بارەگاکانی پارتیش شەھید بون ھەر یەکێتی لێی بەرپرسیارە، چونکە دەسەڵاتی سنورەکەی لە دەستە، بەڵام نەک دەسەڵاتەکەی بۆ ڕێگری لە کوشتنی گەنجەکان بە کار نەھێنا، بەڵکو لە بەرچاوی ھەموان ھێز و ھەمەرەکانی یەکێتی پاسەوانی بارەگاکانی پارتیان دەکرد و لەگەڵ چەکدارانی پارتی تەقەیان لە خۆپیشاندەران دەکرد.
دوڕوی و گاڵتە چاڕیە لە سیاسەتی ئێستای یەکێتی دەبینرێت جێگای شەرم و بەزەییە.




PM:11:54:16/12/2020