لەسەر رووداەوکانی موسڵ و شڕەخۆری، بارزانی پەیامێک بلآودەکاتەوە

بارزانی لەدوا پەیامیدا داوا دەکات سەروماڵێ خەڵکی و دەزگای گشتیەکان بپارێزن لەو ناوچانەی سوپای عێراق لێیان کشاوەتەوە.

دوای ئەوەی لە سەربازگەی کەیوان لە کەرکوک و لە دووز خورماتوو بنکەکانی پۆلیس و سەربازگەکان جەکو تەقەمەنی و پێویستیە سەربازییەکان بران و مەدخەری دەرمانی دووزخورماتوو تالآن کرا، سەرۆکی هەرێم ( ماوە بۆ درێژکراوە) ئەمڕۆ روونکردنەوەیەکی بلآوکردەوەو دەڵێت " بەهۆی ئەو بۆشاییە سەربازی و ئەمنییەی هاتۆتە کایەوە، دامودەزگا گشتیەکان بپارێزن و ماڵ و موڵکی هاولاتیان بپارێزن"، بەبێ ئەوەی سەرۆکی هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی تێدابێت بۆ ئەو پێشمەرگە و هاولآتیانەی سەرپێچی دەکەن.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

دوای ڕووداوەكانی مووسڵ و ناوچەكانی نزیك سنووری هەرێمی كوردستان، بەهۆی داڕووخانی سوپای عێراقییەوە بۆشاییەكی سەربازی و ئەمنی هاتەكایەوە و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی پارێزگەی نەینەوا ئاوارە بوون و ڕوویان لە ناوچە ئارامەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگە کرد.

بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان و پێكهاتە ئیتنی و ئاینییەكان و پاراستنی دامودەزگەی گشتی و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان چووە ئەو ناوچانەی کە سوپای عێراق لێیان کشاوەتەوە. 

داوا لە هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش دەكەم زۆر بە وریاییەوە سنوورەكانی كوردستان و سەروماڵی خەڵكی ئەو ناوچانە و دەزگا گشتییەكان بپارێزن و ڕێگە بە هیچ سەرپێچی و سنووربەزاندنێك نەدەن. 

گەلەکەشمان دڵنیا دەکەینەوە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دەزگە ئەمنییەکانی هەرێم بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ئارامی و ئاسایشی کوردستان بکەوێتە بەر مەترسی.

 
مسعود بارزانی
 
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
 13/6/2014




PM:11:14:13/06/2014