ۆڵستریت ژۆرناڵ بڵاوكردەوە چەندین یەكەی سەربازیی لە هێزی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران بۆ پشتیوانی لەحكومەتی مالیكی گەیشتونەتە عێراق، هۆشیار زێباریش دەڵێت "ئاگادار نیم".
رۆژنامەی ۆڵستریت ژۆرناڵ، لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە كە سوپای پاسدارانی ئێران بۆ شەركردن لەگەڵ چەكدارەكانی داعش لە ئێرانەوە هێزی رەوانەی عێراق كردوە.
رۆژنامەكە لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار كە ناوی خۆیان ئاشكرا نەكردوە باس لەوە دەكات ئەو هێزانەی سوپای قودس لە پارێزگاكانی لۆرستانو ورمێ لە سنورەكانی ئێرانو هەرێم هاتوونەتە نێو خاكی عێراق.
بە پێی راپۆرتەكە دوو یەكەی سەربازیی راهێنراو بۆ پاراستنی بەغدا گەیشتوونەتە ئەوشارەو چەند یەكەیەكی تایبەتش بۆ پاراستنی شارە پیرۆزەكانی شیعە وەك كەربلاو نەجەف گەیشتوونەتە ئەو شارانە.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە ئەبو محەمەد عەدنانی، وتەبێژێكی گروپی داعش داوای لە چەكدارەكانی ئەو گروپە كردوە بەرەو كەربەلاو نەجەف برۆنو ئەو دوو شارە كۆنترۆڵ بكەن.
لەلایەكی ترەوە هۆشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی عێراق كە ئێستا لە لەندەنە، لە كاردانەوە بە هەواڵی چوونی هێزەكانی سوپای قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران وتی: "لە راستیدا هیچ ئاگاداری ئەم بابەتە نیم".