عێراقییەکانی دەرەوەی وڵات بەشداری دەنگدانی پەرلەمانیان پێناکرێت

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێ توانایی خۆی بۆ بەشداریپێکردنی عێراقییەکانی دەرەوەی وڵات ئاشکرا کردو، رایانگەیاند ناتوانن بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانیان پێ بکەن. 

لە راگەیاندنێکدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٣ ی ئازار بڵاوکرایەوە، كۆمسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بەشداری پێنەکردنی عێراقییەکانی دەرەوە وڵاتی گەڕاندەوە كێشەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و دابینكردنی كارتی بایۆمەتری كە پێشمەرجییەكە بۆ بەشداریكردنی پڕۆسەكە.

لەو راگەیاندنەدا کۆمسیۆن باس لەوە دەکات ١٦٩ رۆژی پێویستە بۆ ئامادەکاری پرۆسەی هەڵبژاردنی دەرەوە وڵات، هەروەها ئاماژە بۆ ئاستەنگە دارایی و هونەرییەكانیش دەکات کە رێگربوون لەوەی بتوانێت لە تاراوگە ئامادەكاریی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بكات.

وەک بڕیارە لە ١٠ ئۆكتۆبەری ٢٠٢١ هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت و، تا ئێستا ٢٥٠ حیزب و دەیان هاوپەیمانی خۆیان بۆ بەشداریكردن لەو هەڵبژاردنە تۆماركردووە.



PM:02:15:23/03/2021