کۆمسیۆن: ئامادەكاری تەواومان بۆ هەڵبژاردنەكان كردوە

سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ئامادەکارییەکانمان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن کۆتایهات".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ جه‌لیل عه‌دنان خه‌ڵه‌ف، سه‌رۆكی ئەنجوومەنی كۆمسیۆنی باڵای‌ سەربەخۆیی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسیدا ڕایگەیاند" بەهیچ جۆرێک کاتی هەڵبژاردن دواناخرێت و لەوادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و ئامادەکاری تەواومان بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە کردووە و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانمان له‌ كۆتاییهاتنی ئاماده‌كارییه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئاگادار كردوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئومێد ده‌خوازین خه‌ڵكێكی زۆر به‌شداری پرۆسەکە بكه‌ن".

باسی لەوەشکرد: ١٧ ملیۆن دەنگدەری خاوەن کارتی بایۆمەتریمان تۆمارکردووە و تا ئێستا دوو ملیۆن هاوڵاتی نەهاتوون بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدانەکانیان، بۆیە داوایان لێدەکەین بێن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان. 

ئاشکراشیکرد: هەر کاندیدێک سەرپێچی رێنماییەکانی کردبێت سزامان داوە، تا ئێستا ٢٠ کاندید بەهۆی سەرپێچیکردنەوە دوورخراونەتەوە.

سه‌رۆكی ئەنجوومەنی كۆمسیۆنی باڵای‌ سەربەخۆیی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق داواشى لە هاوڵاتییان کرد بایکۆت نەکەن و بچنە سەر سندوقەکانى دەنگدان، چونکە هەر کەسێک دەنگ نەدات دەرفەت دەدات کەسێکى دیکە لە شوێنەکەى دەنگ بدات. بۆیە داوا دەكەین بەشداری پرۆسەکە بكەن، چونكە بەشداریكردن لەدەنگدان تاكە دەرچەی چاكسازییە. 

بڕیارە ڕۆژی ٨ی ئەیلول دەنگدانی تایبەت و ١٠ی تشرینی یەکەمیش دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق بەڕێوەبچێت و تیایدا زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دەنگدەر ٣٢٩ ئەندام پەرلەمان هەڵدەبژێرن.


PM:12:03:30/09/2021