وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاگاداری دەدات لە شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا کە گۆڕاوی
ئۆمیکرۆنە و داوا دەکات، هاووڵاتیان خۆپاراستن لەبیر نەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، عەبدولعەزیم مەیسەم عەباس، ئەندامی
دەستەی ڕاگەیاندنی پزیشکی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاند،
"سەنتەرەکانی ڤاکسین کارەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ خێراتر کوتانی هاووڵاتیان بەتایبەت
کە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن بەشێوەیەکی خێراتر لە نەوەکانی دیکەی کۆرۆنا بڵاودەبێتەوە، دەشڵێت لە بۆنە و ئاهەنگەکانی سەری ساڵدا ڕێنماییە تەندروستییەکان
لەبیرنەکرێن و جێبەجێبکرێن. "
ناو براو باسی لەوەشکرد، وەزارەتی تەندروستیی عێراق
چاوەڕوانی وەڵامی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییە بۆ ئەوەی ماوەی نێوان ژەمی دووەم و
سێیەمی ڤاکسین لە شەش مانگەوە بۆ سێ مانگ کەم بکەنەوە، ئەوەش بۆ زیاتر پاراستنی
هاووڵاتیان لە ڤایرۆسەکە.