کۆتایی هاتنی تەواوی شەپۆلی بەفر و سەرما راگەیاندرا


کەشناسی عێراق پێشبینی دەکات ئەو شەپۆلە جەمسەرییەی رووی لەناوچەکە و هەرێم و عێراق کردووە لە رۆژی سێ شەممەوە ئەم هەفتەیە کۆتایی پێبێت.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵی ئەلعراقییە، عامر جابری بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی کەشناسی عێراق دەڵێت " بە گوێرەی پێشبینییەکان شەپۆلی سەرما و دابەزینی پلەکانی گەرما رۆژانی یەکشەممە و دوو شەممەی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبن و دواتر کەشوهەوا وردە وردە بەرەو دۆخی ئاسایی دەچێتەوە".

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕوو لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە ئاسمانی وڵات ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر نزمدەبنەوە، جگە لە هەندێ ناوچەی بەشی رۆژهەڵات، کە دەکاتە هەرێم، ئەگەری بارینی باران و بەفری هەیە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بارستە هەواکە، بارستەهەوایەکی جەمسەرییە و بە سایبیری ناسراوە و لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەوە کاریگەری لەسەر ناوچەکە و وڵات دروست کردووە.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە بەهۆکاری ئەوەی بارستە هەواکە وشک و ساردە جۆرێک لە جێگیری لە کەشوهەوادا دروستکردووە و ئەمەش تا رۆژانی داهاتوو بەردەوام دەبێت.




AM:09:26:22/01/2022