موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە نوێترین پەیامی لەڕێگەی نوێنەرێكییەوە رایگەیاندووە "نوێژی هەینی یەكگرتوو سەلماندی عێراق، هی سەدرییەكانە".
ساڵح محەمەد عێراقی، كە بە وەزیری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدری لە عێراق ناسراوە، سەبارەت بە نوێژی یەكگرتوو، كە دوێنێ هەینی بە بەشداری ئەندامان و لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەغدا بەڕێوەچوو، راگەیەنراوێكی موقتەدا سەدری بڵاوكردەوە، كە تێیدا دەڵێت: "رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەبێ بە شێوازێكی ناوەندی بێت. هەروەها، لە نوێژی هەینیدا نەفرەتمان لە پاشكۆیی كرد و ئامادەیی خۆمان پێشاندا بۆ قوربانیدان دژی داگیركاری. هاوكات، دەبێ بۆ هەمووانی بسەلمێنین، كە عێراق هیی سەدرییەكانە".
لە راگەیەنراوی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر كە ساڵح محەمەد عێراقی، ئەمڕۆ شەممە لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر بڵاویكردەوە، هاتووە: "منەت بەسەر هیچ كەسێكدا ناكەم، ناشبێت هیچ كەسێكی سەر بە بنەماڵەی سەدر منەت بكات؛ سەبارەت بەو سەركەوتنەی كە لە نوێژی هەینیدا بەدیهات، ئەوە سەركەوتنێك بوو بۆ ئایین و ئایینزا و عێراق... ئەو لێشاوەی خەڵكی بەرەو سیمبولی خوداپەرستی، كە نوێژی هەینییە، دەبێ خودا قبووڵی بكات بەهۆی چەند هۆكارێك".
موقتەدا سەدر هۆكارەكان رووندەكاتەوە و دەڵێت: "ملكەچبوون بۆ خودای مەزن. یەكڕیزی نیشتمانیی عێراق و نەفرەتكردن لە تائیفی و نەتەوەپەرستی، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە شێوازێكی ناوەندی نەك بە هەڵسوكەوتی كەسی، بەهێزكردنی نیشتمانپەروەری و نەفرەتكردن لە پاشكۆیی. ئامادەبوون بۆ قوربانیدان دژی داگیركاری. رێگرییەكی بەهێز دژی دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ [ئیسرائیل]. بەرگریكردن لە پیرۆزییەكانمان و ئامادەكاری بۆ دەركەوتن لە قودس".
رێبەری رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەكردووە "پاراستنی نیشتمانی لە هەر مەترسییەك و بەرەنگاربوونەوەی پەلكێشی خراپ و بێئابڕوویی رۆژئاوا، كە دەیەوێ قەدەخەكراوەكان حەڵاڵ بكات، هەروەها دووركەوتنەوە لە شتە سەرنجڕاكێشەكانی دونیا. راگرتنی تووندوتیژی دژی پێكهاتەكان و نەتەوەكان و ئایینزاكان. بێئاگانەبوون لە مەترسی تیرۆر و بەعسی تاوانكار. پشتیوانیكردنی گەل و كەسانی لاواز و هەژار و ستەملێكراوان، بۆ ئەوەی بۆ هەمووانی بسەلمێنین، كە عێراق هی سەدرییەكانە".
دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كە رۆژی 10ی مانگی 10ی ساڵی رابردوو ئەنجامدرا، موقتەدا سەدر 73 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەگەڵ سووننە و پارتی دیموكراتی كوردستان، نەیتوانی حكومەت پێك بهێنێت، دواجار پەرلەمانتارەكانی لە پەرلەمانی عێراق كێشایەوە و بووە ئۆپۆزسیۆن.