"فەرامۆشکردنی هەر لایەنێک گرفتی گەورە بۆ حکومەتی داهاتوو دروست دەکات"

ئەمڕۆ شەممە بە بەشداری بەرهەم ساڵح و مستەفا کازمی کۆنفرانسی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە بەغداد دەستیپێکرد، سەرۆکی رەوتی حیکمە وتاری دەستپێکی کۆنفرانسەکەی پێشکەش کرد و وتی" فەرامۆشکردنی هەر لایەنێک، گرفتی گەورە بۆ حکومەتی داهاتووی عێراق دروست دەکات". 

عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە، لە میانی پێشکەشکردنی وتارێک لە (کۆنفرانسی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان)، پەیامێکی ئاڕاستەی موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر کرد و ڕایگەیاند" بۆ چارەسەری کێشە سیاسییەکانی وڵات نابێت پەنا ببرێت بۆ بژاردەی توندوتیژی و دەبێت بە دانایی و گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن، چونکە بایکۆتی یەکتری و دابڕان رێگری دەکەن لە هەموو گۆڕانکارییەکی ئەرێنی". 

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا حەکیم داوای لە لایەنەکان کرد، کە پەیماننامەی ئاشتی کۆمەڵایەتی واژۆ بکەن، چونکە دەرکەوت یەکتری تۆمەتبارکردن و گرژکردنی زیاتری دۆخەکە خزمەت بە هیچ لایەنێک و هاوڵاتیانیش ناکات. 

لەبارەی هەڵبژرادنی پێشوەختە سەرۆکی ڕەوتی حیکمە ئاماژەی بەوەکرد، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بە ئامادەکاری و گفتوگۆی پەرلەمانی و یاسایی، هەروەها بژاردەیەکە کە دەتوانرێت دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و مسۆگەرکردنی یەکپارچەی وڵات و تۆکمەکردنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان گفتوگۆی لەسەر بکرێت. 

دووپاتیشی کردەوە، نابێت لە دەرەوەی یاسا خۆمان بسەپێنین، فەرامۆشکردنی هەر لایەنێک، بەربەستی گەورە بۆ حکومەتی داهاتووی عێراق دروست دەکات. 

هەروەها لای خۆشییەوە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند" ناکۆکی لایەنەکان نەهامەتی عێراقییەکان زیاتر دەکات، بۆیە دەبێت چارەسەرێکی بەپەلە بۆ ئەم دۆخە نائاسایی و ناهەموارە بدۆزرێتەوە". 

سەرۆک کۆماری لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا داواشی لە لایەنەکان کرد، سازش بۆ یەکتری بکەن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسی و دەستپێکی چاکسازی راستەقینە.

هاوکات مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی بەشداریکردنی کۆنگرە ئیسلامییەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، هاوڵاتییانمان هەست بە نیگەرانییەکی زۆر دەکەن، ئەوە گونجاو نییە ئەو قەیرانە سیاسیە بەردەوامبێت بەبێ هیچ چارەسەرێکی سیاسی، لەکاتێکدا هەڕەشە لە دەستکەوتە ئەمنییەکان و ئاسایشی وڵات دەکات. 

باسی لەوەشکرد، هەمووان بەرپرسیارێتی دۆزینەوەی چارەسەریان بۆ قەیرانەکان لە ئەستۆدایە و کلیلی چارەسەر ئەوەیە هەمووان لەسەر مێزی دیالۆگی نیشتمانی دابنیشن.  

دوای زیاتر لە (١٠) مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، تا ئێستا نەتوانراوە حکومەت پێکبهێنرێت و رەوتی سەدریش لە پەرلەمان کشایەوە و دەستی بە خۆپیشاندان و مانگرتنی کراوە کردووە.



PM:12:20:27/08/2022