سەرکردەیەکی حیزبی فەزیلە گشت لایەک ئاگادار دەکاتەوە کە ئەگەر چەکدارانی داعش ئەو هەڕەشەیەی کردوویانە کە بەندوای موسڵ دەتەقێننەوە، جێبەجێی بکەن، کارەساتێکی مرۆیی گەورە روودەدات.
عەبدولحسێن موسەوی سەرکردە لە حیزبی فەزیلە بە دووری نەزانی کە داعش بەنداوەکە بتەقێنێتەوە" چونکە داعش لە پێشووشدا سەلماندوویەتی کە هیچ شتێک نییە وا لەوان بکات کەکارێكی وا نەکەن و، ئەوان خاوەنی هیچ بەهایەکی ئەخلاقیی نین".
موسەوی لەبەیانێکدا کە ئەمرۆ ١٤ ی ئاب بڵاویکردەو، دەڵێت" پێویستە حکومەتی عێراق وریابێت لە روودانی کارەساتێکی وەها، چونکە لەکاتی روودانیدا موسڵ و هەموو شارەکانی تری نزیکی نوقم دەکات بەتایبەتی ئەو شارە نزیکانەی سەر رووباری دیجلە بەوانەی دەوری بەغداشەوە".
رۆژی ٧ ی ئاب چەکدارانی داعش پاش پاشەکشەی پێشمەرگە کۆنترۆڵی بەنداوی موسڵیان کرد.
بەنداوی موسڵ گەورەترین بەنداوی عێراقە، ٥٠ کم لە باکوری موسڵەوەیە، ساڵی ١٩٨٦ لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانی و ئیتالیەوە دروستکرا، بۆ ٨٠ ساڵ دروستکراوە، درێژی ٣،٢ کم و بەرزی ١٣١ مەترە، گەورەترین بەنداوی عێراق و چوارەم بەنداوە لە وڵاتانی عەرەبیدا.